بەختیار سەباح – زاری كرمانجی:
ئەمڕۆ یەكشەممە، بەشێك لە ئەندامانی سەركردایەتی پارتی گەڕانەوە شاری كەركوك و لە رێوڕەسمێكدا بارەگای سەركردایەتی پارتی پێشكەش بە زانكۆی كەركوك كرا.
رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت، دەڵێت: “بە گەڕانەوەی پارتی بۆ كەركووك، خۆری كەركووكییەكان هەڵدێتەوەو گەڕاندنەوەی ئاڵاو شكۆی نەتەوەی كوردە بۆ كەركووك”.
هەروەها گووتیشی “لە ئەمڕۆوە مێژووییەكی تری كوردایەتی و نەتەوایەتی و نیشتیمانی بۆ كەركووك دەگەڕێتەوە، لەژێر بەیداغی ئاڵای كوردستان و ئاڵای زەردی پارتی، بە رێبەرایەتی سەرۆك بارزانی، كەركووك دەكەینەوە شاری پێكەوەژیان و ئاشتی و سەقامگیری”.
لە دوای رووداوەكانی شازدەی ئۆكتۆبەر، تەواوی بنكەو بارەگاكانی پارتی لە شاری كەركووك لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دەستی بەسەر داگیرا، دوای حەوت ساڵ پارتی بە سەر بڵندی و شكۆوە گەڕایەوە كەركووك و ئەمڕۆ یەكشەممە لە رێوڕەسمێكدا بارەگای سەركردایەتی، وەك دیاری پێشكەش بە كەركووكییەكان و زانكۆی كەركووك كرد.


































































