مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
لەگەڵ گۆڕینی وەرز، خەڵكێكی زۆر بە هۆی تووشبوون بە پەتاوە سەردانی نەخۆشخانەكان دەكەن بە مەبەستی چارەسەری، بەڵام هەندێك لە هاووڵاتییان بەر لەوەی تووشی پەتا ببن، پێكوتەی وەرزی وەردەگرن، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سۆران لە ڕێگەی زاری كرمانجی یەوە ئاگاداری هاووڵاتییانی ئیدارەی سۆران دەكاتەوە كە لە ئێستادا پێكوتەی وەرزی لە نەخۆشخانەی سۆران و ڕواندز بۆ منداڵان و گەورە بەردەستە و هاووڵاتییان دەتوانن ئەو پێكوتەیە وەربگرن بەر لەوەی تووشی پەتا ببن.
مینا تەها بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سۆران ئاگاداری هاووڵاتییانی ئیدارەی سۆران دەكاتەوە كە پێكوتەی وەرزی لە نەخۆشخانەكان بەر دەستە و دەتوانن بەكاری بهێنن و دەڵێ “بە هۆی گۆڕینی وەرز لە گەرماوە بۆ سەرما زۆرترین خەڵك تووشی پەتای وەرزی لە شێوەی هەڵامەت و ئەنفلۆنزا دەبنەوە، بۆیە ئێمە وەكوو بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سۆران و هەروەها نەخۆشخانەی گشتیی ڕواندز لە بەشی كوتان بە تایبەتی پێكوتەی ئەنفلۆنزا بەردەستە بۆ هاووڵاتییان و دەتوانن بەكار بهێنن، چونكە ئەم پێكوتەیە هاوكاری هاووڵاتییان دەكات بۆ دوور بن لە تووشبوون بە هەڵامەت و ئەو جۆرە نەخۆشییانەی لەگەڵ گۆڕینی كەش و هەوا دروست دەبن،”
بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سۆران، ئاماری وەرگرتنی پێكوتەی وەرزی لە ئیدارەی سۆران بەگشتی و قەزای ڕواندز بە تایبەتی بۆ زاری كرمانجی دەخاتە ڕوو و دەڵێ “لە سەرەتای گۆڕینی وەرزەوە بەگشتی 569 هاووڵاتی ئیدارەی سۆران پێكوتەی وەرزیان وەرگرتووە و كە 146 یان لە نەخۆشخانەی گشتی ڕواندز بووە.”

































































