شەهلا رەشید-سۆران
توێژەرانی زانكۆی هارڤارد، توێژینەوەیەكیان لەسەر قاوە ئەنجامداوە و دەركەوتووە زۆر خواردنەوەی قاوە مەترسی تووشبوون بە ئاوی شین زیاد دەكات و دەبێتە هۆی لەدەستدانی بینایی.
ماڵپەڕی هێڵس دەی نیوزی ئەمریكی، بڵاویكردەوە” توێژەرانی زانكۆی هارڤارد، لەم توێژینەوەیەدا ئاشكرایان كردووە كە خواردنەوەی قاوەی پڕ لە كافایین پەیوەندی بەجۆرێك لەجۆرەكانی ئاوی شین هەیە، بەگوێرەی ئەم توێژینەوەیە كە لەنێوان 79 هەزار ئافرەت و41 هەزار پیاو ئەنجامدراوە، مەترسی تووشبوون بەو نەخۆشییە بەرز بۆتەوە.
ئاشكراشی كردووە” لەگەڵ ئەوەی دەزانرێ قاوەی پڕ لە كافین سوودی هەیە، بەڵام خواردنەوەی سێ كوپ قاوە لە رۆژێكدا یان زیاتر بە بەردەوامی مەترسی تووشبوون بەئاوی شین زیاد دەكات، بەتایبەتی ئەو خێزانانەی لەم جۆرە نەخۆشییەیان هەیە، ئاوی شین جۆرێكە لە نەخۆشی كە بەهۆی بەرزبوونەوەی فشاری چاوەوە دروست دەبێت و دەبێتە هۆی تێكچوونی دەماری بینین، ئەگەر ئەم نەخۆشییە چارەسەر نەكرێت، دەبێتە هۆی تێكچوونی تەواوی دەمارەكانی چاو و كوێری بەدوادا دەبێت.