شەهلا رەشید- زاری كرمانجی
پزیشكێكی پسپۆڕ و مامۆستای زانكۆ، باسی چەند یاساییەكی گرنگی خێزان و منداڵان دەكات، ئەم پزیشكە زیاتر ئاماژە دەخاتە سەر خۆشەویستی و نزیكبوون لەو كەسانەی كە گرنگن.
د. دیلمان ئازاد، پزیشكی پسپۆڕی دادوەر و مامۆستای زانكۆ، دەڵێت”هەرگیز بێ كات مەبە بۆ ئەو كەسانەی كە خۆشتان دەوێت، بەڵكو بەردەوام لێیان نزیك بن، هەروەها هەوڵبدەن سوود لەو ڕێنماییانەی خوارەوە وەربگرن.
-بۆ دایكان و باوكان لیگەڕێن منداڵەكانتان هەندێك قورسایی ژیان ببینن هەموو شتێك لە ژیان یارمەتی تۆی ناوێت و دەبێ فێر بن چارەسەر بدۆزنەوە.
- هەوڵبدەن ڕۆژانە پشوویەكی كەم بدە منداڵەكەت لەو یاسایانەی داتناوە لە ماڵەوە، لەو پشووە كورتەش پێویست ناكات پێیان بڵێیت وابكە و وا مەكە.
-فێریی بكە كە پارە باران نییە لە ئاسمان بێتە خوارەوە.
-بزانە هاوڕێی منداڵەكەت كێیە و دایك و باوكی ئەو منداڵە ڕەفتارییان چۆنە.
-بەرپرسیارێتی بدە بە منداڵەكانت، تەنانەت بەرپرسیارێتی بچووكیش بێت.
-منداڵەكانتان پێویستییانە لەگەل تۆ بێنە دەرەوە نەك هەموو كات لە ماڵەوە بن.
-هەندیكجار پێشانی منداڵەكەت بدە كە تۆش وەك منداڵ ڕەفتار دەكەی، زۆربەی كاتیش پیشانیان بدە سنووری دایك و باوكایەتی چییە.
-فێری بكە بەدەستهێنانی هەموو شتێك ئاسان نییە و هەوڵدانی دەوێ، تەنانەت ئەگەر خۆت بتوانی هەموو شتێكی بۆ بكەی بۆی مەكە و لێگەڕێ هەوڵبدات.
ئەم پزیشكە دەشڵێت” هیچ شتێك نییە بەناوی منداڵی خراپ، بەڵكو شتێك هەیە بەناوی پەروەردەیی خراپ، هەر بۆیەش ئەو خاڵانە زۆر گرنگن ئەگەر جێبەجێ بكرێت خێزانێكی سەركەوتوو دروست دەبێت.