شەهلا رەشید- سۆران
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سۆران، لەپێناو تەندروستی قوتابییان و دووربوونیان لە نەخۆشییە جەستەیی و دەروونییەكان و پاك و خاوێنبوونیان، بنكە تەندروستییەكانی سنووری بەڕێوەبەرایەتیان راسپاردوون، بۆ ئەوەی سەردانی قوتابخانەكان و باخچەی منداڵان بكەن.
لای خۆیەوە ڕازیە ساڵح، بەرپرسی بنكەی تەندروستی هەرێم، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند” هەڵمەتی سەردانكردنی قوتابخانەكان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سۆران، مانگی ڕابردوو دەستی پێكرد، ئەمەش بۆ زیاتر هۆشیاری و ئاگاداربوونی قوتابییانە لە نزیكەوە، لە سنووری بنكەكەمان تا ئێستا سەردانی قوتابخانەیەك و باخچەیەكی ساوایانی كردووە، پشكنینەكانیش لەڕووی پاك و خاوێنی قژی قوتابییان، فرۆشگا، ئاودەست، تانكەكانی ئاو و ڕێنمایی تەندروستی خۆراك، لە میانەی سەردانكردنی ئەو قوتابخانە و باخچەیەی لە سنووری بنكەكەمان سەردانكراون هیچ حاڵەتێكی ئەسپێ نەبووە لەنێو قوتابییان.
گووتیشی” لە ڕێگەی لیژنەیەكی تایبەت یاخود هەر بەرنامەیەكی تەلەفزیوونی و پێشكەشكردنی سمینارەكان، زیاتر دەتوانین ڕێنمایی تەندروستی بدەینە هاووڵاتییان، چونكە ئەو ڕشك و ئەسپێیەی دەكەوێتە نێو قژی قوتابییان بەهۆی پیسبوونەوەیە، هەر بۆیەش چەندی بتوانین ئاستی ڕوشنبیریی تەندروستی لەنێو خۆماندا بەرز بكەین دیسانیش هەر كەمە.