بەختیار سەباح – زاری كرمانجی :
ساڵانە بەر لە هاتنی وەرزی زستان، بەشێك لە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بە بیانووی خۆگەرمكردنەوە و خۆپاراستن لە سەرمای زستان، روو لە بڕینەوەی دار و درەختی ناوچە شاخەواییەكان دەكەن و زیان بە ژینگە و سروشتی ناوچەكان دەگەینن و دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێم راگەیاند هەر كەسێك دار ببڕێتەوە رووبەرووی سزای ماددی و گرتن دەبێتەوە.
لەمبارەیەوە هەژار ماهر ئێدلبی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی ئیدارەی سۆران بۆ زاری كرمانجی گووتی ” بەپێی یاسای ژماره (10)ی ساڵی 2012 یاسای دارستان لە هەرێمی كوردستان، سزاكان بە گوێری جۆری دارو تەمەنی دارەكان دیاریكراون، ئێستاش لە وەرزی زستان كە دیاردەی داربڕین زیادی كردووە، دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێم، رێنماییەكانی توندتر كردووە”.
هەروەها گووتیشی ” بەپیێ رێنماییەكان هەر كەسێك داری تەڕ ببڕێت بە بڕی 500 هەزار دینار سزا دەدرێت، لە ماوەی رابردووش چەندان كەس لە دەڤەری باڵەكایەتی و برادۆست لەسەر بڕینەوەی داری تەڕ گیراون.
ئەوەشی روونكردەوە، هۆكاری زیادبوونی بڕینەوەی داری تەڕ دەگەڕێتەوە بۆ ناهوشیاری تاك و نەبوونی هیچ بنكەیەكی پۆلیسی دارستان و پێشمەرگەی ژینگە لەو ناوچانەی باسكراون.