مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
كتێبخانەی گشتی ڕواندز یەكێكە لە كتێبخانە دێرینەكانی ئیدارەی سۆران، كە مێژووی دامەزراندنی بۆ ساڵی ١٩٦٥ دەگەڕێتەوە. لە ئێستادا كتێبخانەی گشتی رواندز خاوەنی 18 هەزار كتێبە بە هەر چوار زمانی كوردی، عەرەبی، فارسی، ئینگلیزی. تەنیا كێشەی ئەو كتیبَخانەیە هەر وەكوو یەكێك لە فەرمانبەرانی كتیبَخانەكە بەزاری كرمانجی ڕاگەیاند بچووكی باڵەخانە و دووربوونە لە سەنتەری شار.
بڕیار عەبدولڕەحمان حسێن فەرمانبەری كتێبخانەی گشتی ڕواندز لە بارەی ئەو كەسانەی سەردانی كتێبخانەكە دەكەن بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند “ڕۆژانە ژمارەیەكی زۆر لە قوتابییان و خوێنەران سەردانی كتێبخانە دەكەن، بەشی زۆری ئەوانەی سەردانی دەكەن قوتابین كە لە دەوروبەری ڕواندز و شارەكانی تر، بەمەبەستی دەستخستنی سەرچاوەی پێویست ڕووی تێ دەكەن.”
بڕیار باس لەوە دەكات پێشتر كتێبخانەكە چەندین كێشە و گرفتی هەبوو، بەڵام لە ئێستادا بەشی زۆری كێشەكان چارەسەركراون و دەڵێ “پێشتر كتێبخانە گرفتی زۆری هەبوو، بەڵام لەم دوایانە بەشێك لە گرفتەكانی چارەسەركراون، جگە لە نۆژەن كردنەوەی لە لایەن ڕێكخراوێك، لە لایەن ئیدارەشەوە كۆمەڵێك كەلوپەلی بۆ دابین كرا، بەڵام ئەوە بە مانای ئەوە نایەت كتێبخانەكە ئێستا هیچ كەموكوڕییەكی نەبێت، بەڵێن دراوە لە ئایندەدا گرفتەكانی دیكەش چارەسەر بكرێن، سەرباری نۆژەن كردنەوەشی، كتێبخانەی گشتی ڕواندز پێویستی بە باڵەخانەیەكی مۆدێرن و شیاو هەیە بۆ ئەوەی بتوانرێت باشتر خزمەتی خوێنەران بكرێت، چونكە یەكێك لە گرفتەكان بچووكی شوێنەكەیەتی، زۆر جاریش گلەیی لەوە دەكرێت كتێبخانە لە ناو سەنتەری شاردا نییە، هەر كات بڕیار لەوە درا بینایەكی تازە بۆ كتێبخانە دروست بكرێت لە سەنتەری شاردا شوێنی گونجاو هەیە.”