هەڵسوڕاوێكی پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر هەڵوێستەكانی یەكێتی دواوە دەڵێت ” یەكێتی هانی مامۆستایانیدا بایكۆت بكەن ئێستا گوشار دەكات بایكۆت بشكێنن”.
ئیسماعیل نامیق، مامۆستای زانكۆیەو یەكێك بووە لە كادیرە دیارەكانی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند” یەكێتی لە ساڵی 2009 دا خۆی لەگەڵ پارتی پێنج كورسی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ پێكهاتەی توركمان و یەك كورسی بۆ پێكهاتەی ئەرمەن زیادكرد، كەچی ئێستا ئەیەوێت لە رێگەی دادگای باڵای فیدراڵییەوە هەڵیبوەشێنێتەوە”.
ئەم قسانەی ئیسماعیل نامیق لە مالپەڕی سپی میدیا بڵاو بوونەتەوە، زیاتر روونی كردۆتەوە” یەكێتی لەگەڵ پارتیدا ریفراندۆمی كرد، كەچی پێش هەموو كەس لەدژی راوەستا”.
هەروەها راشیگەیاندووە” یەكێتی خۆی ماوەی پەرلەمانی درێژكردەوە، كەچی پێش هەموو كەس دەستخۆشی لەبڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی كرد، بۆ هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەكە”.
هەروەها سەبارەت بە بایكۆتی هۆڵەكانی خۆێندن گووتیشی ” یەكێتی بە هاندان و موبارەكەی خۆی هۆڵەكانی خوێندن لە سلێمانی بایكۆتكرا، كەچی ئێستا فشار دەكات بۆ دەستپێكردنەوەی خوێندن، لە كاتێكدا هیچ نەگۆڕاوە، بە پێچەوانەوە دۆخی مانگێك پێش ئێستای مامۆستا لە دۆخی ئێستای باشتر بوو”.