مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دەزگای گشتیی كاروباری مین، بە مەبەستی پێدانی زانیاری زیاتر و ئاگاداركردنەوەی قوتابییان لە مەترسییەكانی مین، ماوەی چەند ڕۆژێكە لە قوتابخانەكانی ناحیەی سمیلان چەند سیمینارێكی هۆشیاركردنەوەیان ئەنجام داوە و بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای كاروباری مین بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند بەردەوام دەبین تا تەواوی قوتابییان و خەڵكی ناوچە سنوورییەكان لە مەترسییەكانی مین هۆشیار دەكەینەوە.
عەلی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای كاروباری مین و تەقەمەنی هەولێر، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند “بەو پێیەی هۆشیاركردنەوەی هاونیشتمانییان، بەشێكی گرنگی كاری مین لابەریە، بۆیە لەو چوارچێوەیەدا بەڕێوەبەرایەتییەكمان بەناوی بەڕێوەبەرایەتی هۆشیاركردنەوە دروست كردووە و كار و ئامانجی هۆشیاركردنەوەی هاونیشتمانییانە لە چۆنیەتی مامەڵەكردنیان لەگەڵ مین و تەقەمەنی و خۆ پارێزیان لە مەترسییەكانی مین و تەقەمەنییەكان، بۆ ئەم مەبەستە ئێمە بەڕێوەبەرایەتییەكمان بەناوی بەڕێوەبەرایەتی هۆشیاركردنەوە هەیە، ئەو بەڕێوەبەرایەتییە پێكهاتووە لە چەند تیمێك بە بەردەوامی لە گوند و دێهاتەكان و بە تایبەت ئەو ناوچانەی مەترسی هەبوونی مین و پاشماوەی تەقەمەنی جەنگیان لە سەرە وەك ناوچە سنوورییەكان دەگەڕێن و هاونیشتمانییان ئاگادار دەكەنەوە،”
عەلی عەبدولڕەحمان لەبارەی چالاكییەكانی تیمی هۆشیاركردنەوە ئەوەشی خستە ڕوو “لەبەر ئەوەی زیانمەندی هەرە زۆری دەستی مین، قوتابییان و خەڵكی گوندەكانن، بۆیە بە پێویستمان زانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەكان لە سنووری پارێزگای هەولێر و سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە فەرمی ئاگادار بكەینەوە كە تیمەكانمان سەرقاڵی ئەنجامدانی سیمیناری هۆشیاركردنەوە دەبن، لە ئێستادا تیمەكانمان لە ناحیەی سمیلان سەرقاڵی ئەو بابەتەن و دواتر لە هەموو گوند و دێهاتەكان و ئەو ناوچانەی پێویستیان بە هۆشیاركردنەوە هەیە تیمەكانی ئێمە دەچنە ئەوێ و بەردەوام دەبن.”
تیمەكانی هۆشیاركردنەوەی دەزگای كاروباری مین و تەقەمەنی هەولێر، لە ڕێگای پێشكەشكردنی سیمینار و هەڵواسینی پۆستەر و چەند چالاكییەكی تری جیاواز، قوتابییانی قوتابخانەكانی ناحیەی سمیلانی سەر بە قەزای چۆمان هۆشیار دەكەنەوە و دواتریش كارەكانییان لە ناوچەكانی تری ئیدارەی سۆران بەردەوام دەبێت.