مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
لە ماوەی دە ساڵی رابردوو زیاتر لە 70 هەزار كەس لە هەرێمی كوردستان تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون و لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵیش تووشبووان بەهەمان نەخۆشی چوار هەزار كەسی تێپەڕ كردووە .
بەپێی داتاكانی وەزارەتی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان، ڕێژەی تووشبووانی نەخۆشیی شێرپەنجە لە پێوەری جیهانی كەمترەو بەربڵاوترین جۆرەكانی شێرپەنجەش لە هەرێم، بریتین لە، شێرپەنجەی مەمك، كۆڵۆن، سییەكان، پێست، غوددە، پرۆستات، لیوكیمیا، مێشك، منداڵدان.
شێرپەنجەی مەمك بە پلەی یەكەم دێت هەروەكو سەرۆكی كۆنترۆڵی شێرپەنجە لە وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم هێمای بۆ دەكات.
د. چنار سنجاوی، سەرۆكی كۆنترۆڵی شێرپەنجە لە وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند ”ڕێژەی تووشبووانی ژن كەمێك زیاترە لە پیاو لە ٥٦% تووشبوون بە شێرپەنجە لە ئافرەتان و لە ٤٤%یش پیاوانە. چارەسەری شێرپەنجە بە پێی پێویستییەكانی نەخۆش هەیە، و نەشتەرگەریی پێویستییان بۆ دەكرێت، دوای نەشتەرگەری چارەسەری كیمیایی هەیە.”
دەشڵێت “ڕێژەی توشبووان لە هەرێمی كوردستان لە خوار ڕێژەی ستانداردی جیهانییە، لە ماوەی ١٠ساڵدا، زیاتر لە ٧١ هەزار و ٧٤ تووشبوو تۆمار كراوە. ڕێژەی تووشبوون لە جیهان بۆ هەر ١٠٠ هەزار كەسێك ١٩٠ تووشبووە، بەڵام لە كوردستان بۆ هەر ١٠٠ هەزار كەسێك ١٥١ كەسە.”
لە ساڵی ٢٠٢٣دا، لە ١ی كانوونی دووەمەوە تا ٣٠ی حوزەیران ، ڕۆژانە نزیكەی ٣٠ تا ٣٥ نەخۆشی نوێ تۆمار كراون، بەوەش ژمارەی نەخۆشانی تۆماركراوی شێرپەنجه لە شەش مانگدا، زیاتر لە ٤هەزار كەس بووە، لە پارێزگای هەولێر نزیكەی هەزار و ٨٠٠ كەس، لە پارێزگای سلێمانی نزیكەی هەزار و ٥٠٠ كەس، لە پارێزگای دهۆك نزیكەی ٧٠٠ كەس بوون. زیاترین ڕێژەی تووشبوو لە پارێزگای هەولێر لە پیاوان ٤٦% و لە ئافرەتان ٥٤% بووه، كە زۆربەی شێرپەنجەی مەمك و كۆڵۆن و سییەكانن.
هاوكات كابینەی نۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ٢٥٨ ملیار و ٤٠٣ ملیۆن و ٦٣٧ هەزار دیناری بۆ دەرمان، ئامێر و پێداویستی پزیشكی و نەخۆشخانەكان خەرج كردووە. تووشبووان لە هەشت نەخۆشخانە و سەنتەری تایبەت بە شێرپەنجە چارەسەر وەردەگرن.
د.چنار سنجاوی، لەمبارەیەوە دەڵێت “لە هەرێمی كوردستان ٨ بنكەی تایبەت بە چارەسەركردنی شێرپەنجە هەن، ٣ بنكە لە هەولێر، ٣ لە سلێمانی، ٢ لە دهۆك.”