مستەفا دۆلەمەری – پیران:
پێش چەند ڕۆژێك مەلا مستەفا بارزانی لەگەڵ وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێم و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ئیدارەی سۆران، سەردانی نەخۆشخانەكانی سنووری قەزای مێرگەسۆریان كرد و لەو سەردانەدا نەخۆشخانەی پیرانیان بەسەر كردەوە.
هەژار جەوهەر، بەڕێوەبەری ناحیەی پیران، بە زاری كرمانجی راگەیاند: ئەم سەردانە بە مەبەستی دووبارە بەگەرخستنی پڕۆژەی نەخۆشخانەی 25 تەختەیی پیران بوو، كە چەند ساڵێكە كاركردن لەم بینایە ڕاگیراوە، لەم سەردانەدا بڕیار لەسەر ئەوە درا كە دووبارە دەست بە وەگەڕخستنەوەی ئەو بینایە بكرێت و لە داهاتوویەكی نزیكدا هاووڵاتییانی ناوچەكە لێی سوودمەند بن.
لەلای خۆیەوە د. كامەران مەلا محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ئیدارەی سۆران، بۆ زاری كرمانجی گوتی: لەم سەردانەدا، مەلا مستەفا بارزانی، پاڵپشتی خۆی دەربڕی بۆ هەموو ئاسانكاریەك و هاوكاریەك كە كەرتی تەندروستی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە گشتی و لە قەزای مێرگەسۆر بە تایبەتی بگاتە ئەو ئاستەی كە شایستەی هاووڵاتییان بێت.