مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان ڕاگەیاند ئەو منداڵانەی لە بەندیخانەكان لەدایكبوون بە زیندانی سیاسی هەژمار دەكرێن و سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی نیشتەجێبوون.
عادل مەلا ساڵح گوتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئەو مەرجانەی خستە ڕوو كە پێویستن بۆ زیندانیانی سیاسی تا سوودمەندبن لە وەرگرتنی پارچەیەك زەوی نیشتەجێبوون و دەڵێ “سەبارەت بە تەرخانكردنی زەوی نیشتەجێبوون بۆ زیندانیكراو و گیراوانی سیاسیی، بە پێی یاسای ژمارە ١١ی ساڵی (٢٠١١)ی هەمواركراو و پەیڕەوی ژمارە ٨ی ساڵی (٢٠٢٠)ی ئەنجوومەنی وەزیران و ڕێنمایی ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٢١ وەزارەت.
ئاماژە بە مادەی شەشەم، بڕگەی یەكەمی یاسای ئیمتیازاتی زیندانیكراو و گیراوی سیاسی كوردستان، كە تێدا هاتووە ( پارچەیەك زەوی نیشتەجێبوونیان بەبێ بەرامبەر پێ دەدرێت، بە مەرجێك پێشتر وەك زیندانیكراوی سیاسی سوودمەند نەبووبێت ).”
گوتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان باس لەو مادە یاسایەش دەكات كە ئەوانەی لە بەندیخانە لەدایكبوونە بە زیندانی سیاسی هەژماردەكرێن و سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی و دەڵێ “بە پێی مادەی سێیەم، بڕگەی چوارەم، ئەوانەی كە لە بەندیخانە و زیندانەكاندا لەدایكبوون، بەپێی ماوەی گیرانی دایكیان ماوەی گرتنەكەیان بۆ هەژمار دەكرێت. بە هەمان شێوە بە گیراوی سیاسی هەژماردەكرێن و سوودمەند دەبن لە سەرجەم ئیمتیازاتەكانی ئاماژە پێكرا و لە یاسا و پەیڕەو و ڕێنمایییەكانی هەمان یاسا، لە نێویشیاندا سوودمەندبوونیان لە پارچەیەك زەوی نیشتەجێ بوون.”
پێناسەی زیندانیكراوی سیاسی هەر وەكوو لە پەیڕەوی ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠٢٠ی ئەنجوومەنی وەزیراندا هاتووە (ئەو كەسەیە كە گیرابێت، یان زیندانی كرابێت، بەهۆی ناڕەزایی دەربڕینی بۆ ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكان لە عێراق تا ٩ی نیسانی ٢٠٢٣، لەسەر ڕادەربڕین و بیروباوەڕ یان ئینتیمای نیشتمانی یان سیاسی، یان یارمەتیدانیان یاخود بەشداریكردنی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان و بڕیاری حكومكردنی لە لایەن یەكێك لە دادگاكان یاخود دەسەڵاتەكانی سەر بە ڕژێمە ناوبراوەكان درابێت.