موڕشید برادۆستی – زاری کرمانجی
ماوەی چەند ڕۆژێکە، لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراو ژمارەیەک داری سروشتی له بناری چیای گۆشینە بڕاونەتەوە و پۆلیسی دارستان و ژینگەی ناوچەکەش دەڵێت:” دەستگیریان دەکەین.
عەدنان ئەحمەد بەرپرسی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سیدەکان، بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند:” لە گوندی داسنی سنووری قەزای سیدەکان لە لەلایەن هەندێ کەسی نەناسراو ژمارەیەک داری تەڕ بڕدراونەتەوە و زیان بە ژینگە گەیێندراوە، بەڵام ئەو وێنانەی له هەندێ پەیج بڵاو کراونەتەوە ئەو ناوچەیە نییە و ئەو شوێنەش نییە کە دارەکانی لێ بڕدراون.
بەرپرسی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سیدەکان، دەڵێت:” بڕینی داری تەڕ و سروشتی کەم بن یان زۆر بەهیچ شێوەیەک ڕێگه پێدراو نییە، بۆیە بەدوداچوونەکانمان بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی کە لە گوندی داسنی هەڵساون بە بڕینی دار، بێگومان دوای دۆزینەوە ڕووبەڕووی دادگە و یاسایان دەکەینەوە و سزای توندیان دەدەین”.
گووتیشی:” داوا لە خەڵک و گوندنشینانی دەڤەری برادۆست دەکەین هاوکارمانبن له پاراستنی ژینگه و پارێزگاری کردن لە داری سرووشتی.