ئیسماعیل ئیبراهیم
ئەو گوشارە زۆرەی لەسەر كیانی سیاسی هەرێمی كوردستاندا هەیە، رەهەندی بنكۆڵ كردن و دووژمنكارانەی حكومەتی ناوەندی عێراقە، كە بەداخەوە هەندێك لە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان هەر چەندە ئەو راستییە باش دەزانن و رۆژانە پیلانە مەترسیدارەكانی حكومەتی ناوەندی لە دژی هەرێمی كوردستان بە شێوازی جیاجیا بڵاو دەكەنەوە، بەڵام بەهۆی رقێكی سیاسی لە بازنەیەكی داخراوی حزبی، شەقام بە ئاراستەیەكی دیكە تێدەگەینن.
هیچ حكومەتێك لەم جیهانە نییە خۆشگوزەرانی هاووڵاتییانی مەبەست نەبێت، مووچە مافێكی سەرەتایی و رەوای هەموو كارمەندێكی حكومەتە، لە دۆخە زۆر تەنگانەی دارایی مووچەی فەرمانبەران دابینكراوە.
ئەو كەسانەی تا دوێنی گوشاریان لەسەر پارتی و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكرد، كە نەوت و داهات رادەستی حكومەتی ناوەندی بكەنەوە بۆ ئەوەی ژیانی هاووڵاتییان خۆش بێت، ئێستا كە پێچەوانەی دیدی ئەوان هاتۆتە پێش، دەمیان داخستووە و دیسانەوە بیانووی دیكە بە حكومەتی هەرێم دەگرن.
بیانو گرتن بە حكومەتی هەرێم لە چوارچێوەی دژایەتی كردنی پلان و بەرنامە چاكسازییەكانی كابینەی نۆیەمە، كە كوردستان بەرەو بە دامەزراوەیی كردن دەبات و كیسەی مافیاكان و گەندەڵكاران خاڵی دەكات.
كابینەی نۆیەم، بە پلانێكی تۆكمەی زانستیانە كە لە ئەنجامی لێكۆڵێنەوە و توێژینەوەی ورد لە لایەن پسپۆڕانی بوارە جیاكانەوە و لە ماوەی دور و درێژ بە هزرێكی سەردەمیانەی بەڕێوەبردن كراوەتە بەرنامەی كار و هێندراوەتە مەیدانی خزمەتكردن، بۆ بونیادنانی كوردستانێكی بەهێز و داهاتوویەكی گەش، بۆ جێبەجێكردنی ئەم پلانە بەرفرەوانە درێژ مەودایەش پێویستە كەسایەتییەك سەر قافڵەی كاروانەكە بكات، كە خاوەن رۆئیایەكی كراوەی دوور مەودا و خاوەن بڕیار بێت. بۆیەش كاك مەسرور بارزانی وەك كەسایەتییەكی بە ئەزموون ئەو ئەركەی پێ سپێردرا.
بە دڵنیایشەوە چاوەڕێی هەموو ئەو كۆسپانە دەكرا كە دێنە رێگەی كاروانی ئاوەدانی و دامەزراوەیی كردن. چ ئاڵەنگارییە ناوخۆییەكان چ ئەوانەی بەهۆی رووداوە هەرێمی و جیهانییەكانەوە دێنە پێش و هاتنە پێش.
سەركەوتنەكانی ئەم كابینەیە لە دروستكردنی كۆسپ بۆ گرووپ، مافیا و گەندەڵكاران، چاوەڕێی دەستخۆشی لێناكرێت، بە پێچەوانەوە ئەوانیش كە هەندێكیان جلەوی حزبیان لەدەستە و ئەو گرووپانەشی لەبەرژەوەندی كەسی ناو حزبەكانەوە دەجولێنەوە كێشە بۆ كابینەكە دروست دەكەن، لەبەر ئەوەی تەنها بەرژەوەندی حزبیان لەبەر چاوە نەك بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانی.
خاڵە ئەڵماسییەكە ئەوەیە، كابینەی نوێ وێڕای بوونی تێبینی لەسەر، كە زۆرینەیان پەیوەندی بە دۆخی سیاسی و كێشە كەڵەكەبووەكانی رابردووەوە هەیە، بەڵام باش كاروانی ئاوەدانی بەرەو پێشەوە بردووە و گرنگ گەیشتنە بە ئامانجە ستراتیژییەكە كە كوردستانێكی بەهێزە و لە چەند ساڵی داهاتوو ئەنجامی كار و بەرهەمەكانی ئەم كابینەیە دەبینینەوە.


































































