کاندیدانی پارتی له کەرکووک بە ئاڵای کوردستان و وێنەی سەرۆک بارزانییەوە بانگەشە دەکەن و کاندیدێکیش دەڵێ: سەرکەوتنی کاندیدانی پارتی گرنگە بۆ نەهێشتنی ئیدارەی سەپێندراوی کەرکووک.
ئارەزوو جەبار: کاندیدی پارتی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: هەرچەندە لە شەوی ڕابردووەوە بانگەشە دەستی پێ کردووە، بەڵام ئێمە چاوەڕێی کۆمسیۆن بووین تا ناوەکان ڕابگەیەنێ، ئەمڕۆ کاندیدانی پارتی لە کەرکووک دەستیان بە بانگەشە کردووە و حەفتەی داهاتوو هەڵمەتی هەڵبژاردن فراوانتر دەکەین.
کاندیدەکەی پارتی گوتیشی: ئۆفیسمان لە شاری کەرکووک کردووەتەوە و کاندیدانی پارتی بە ئاڵای کوردستان و وێنەی سەرۆک بارزانییەوە بانگەشەی خۆیان بەڕێوە دەبەن و لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانیش کاندیدانی پارتی بەشێوەیەکی زۆر سەردەمیانە هەڵمەتی بانگەشە بەڕێوە دەبەن.
ئارەزوو جەبار ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: سەرکەوتنی کاندیدانی پارتی لە کەرکووک گرنگی خۆی هەیە، چونکە سەرکەوتنی پارتی واتا سەرکەوتنی کورد لەو پارێزگایە و گومانی تێدا نییە پارتی سەرکەوێت کۆتایی بە پارێزگار و ئیدارەی خۆسەپێنی کەرکووک دێنت.