دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان، تانەی پارێزەرانی وەهاب هەڵەبجەیی فەرماندەی هێزەكانی دژە تیرۆری یەكێتی و هاوڕێكانی رەتكردەوەو دەڵێت: تا خۆیان رادەست نەكەن یان دەستگیر نەكرێن، ناتوانین لێكۆڵینەوە لە تانەكانیان بكەن.
دەستەی گشتی سزایی لە دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان بریاریدا بەرەتكردنەوەی تانەی پارێزەرانی هەریەك لە (وەهاب مەجید باقی، كارزان محەمەد عاسی رەشید، وریا خالید، لوئەی محەمەد، پۆڵا ستار، لەشكر حسێن) كە بەشێوەیەكی غیابی لە دادگای تاوانەكانی هەولێر سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەرچووە.
دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان تانەی(هێڤار محەمەد و چیا عەبدولكەریم) پارێزەرانی وەهاب هەڵەبجەیی و هاوڕێكانی رەتكردەوە كە تانەیان لەسەر حوكمی پێشوتری دادگای تاوانەكانی هەولێر تۆماركردبوو كە بە شێوەی غیابی لە بەرواری (4/6/2023) بە پێی مادەی دەیەم لە یاسای رووبەرووبونەوەی تیرۆری ژمارە 3ی ساڵی 2006 حوكمی لەسێدارەدانی بۆ (وەهاب هەڵەبجەیی)و هاورێكانی دەركردووە بەتۆمەتی تیرۆر دادگای پێداچوونەوە دەڵێت: تانەی پارێزەرانی رەتدەكرێتەوە چونكە ناتوانین لەسەر تانەیەك لێكۆڵینەوە بكەین كە حوكمدراوەكان خۆیان رادەستی دادگا نەكردبێت یان دەستگیرنەكرابن، دادگای پێداچونەوە دۆسییەكە دەگەڕێنێەوە بۆ دادگای تایبەتمەندی خۆی لە هەولێر تا ئەو كاتەی حوكمدراوەكان خۆیان رادەستی دادگا دەكەن.