وەزارەتی دارایی حكوومەتی عێراق بڕیاری لەسەر خەرج كردنی مووچەی هەردوو لیوای هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق داوە وبڕیارە لەماوەیەكی نزیكدا دەست بەكاربن.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆی هەرێم لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق ڕایگەیاند” سەبارەت بە دەستبەكاربوونی هەردوو لیوای هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق، وەزیری دارایی حكومەتی عێراق واژۆی لەسەر خەرج كردنی مووچەكانیان كردووە و لەماوەیەكی نزیكدا چەند ڕێكارێك ماوە تەواو دەكرێن و دەستبەكاردەبن”.
ڕاشیگەیاندووە” ئەو دوو لیوایە بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان لەو شوێنانەی بۆشایی لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق هەیە دابەش دەكرێن و جێگیر دەبن و پارێزگاری لێ دەكەن”.
نوێنەری هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆی هەرێم هەروەها راشیگەیاند” ئەمەش هەنگاوێكی گرنگە بۆ ئەو ناوچانە و سوود و دەستكەوتێكی گەورەش دەبێت بۆ پاراستنی كورد لە ناوچەی سەرگەڕان، دوبز، مەخموور و ناوچەكانی دیكەی كوردنشین”.