مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان، لە ڕاگەیاندراوێكدا باس لە ئامادەكاری وەزارەتەكەی دەكات بۆ دانانی پلانی بەرهەمی كشتوكاڵی زستانە بۆ وەرزی چاندنی 2023 – 2024 و داواكاریشە لە جووتیاران لە ماوەی 45 ڕۆژدا فۆرمی زانیاری جووتیاری پڕ بكەنەوە كە دەبێتە بنەمای مامەڵەكردن لەگەڵ جووتیاران بۆ بە بازاڕكردن و وەرگرتنی گەنم.
ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی تشرینی دووەمی 2023 وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند لە ئێستادا ئامادەكاری دەكرێت بۆ دانانی پلانی بەرهەمی كشتوكاڵی زستانە بۆ وەرزی چاندنی ٢٠٢٣- ٢٠٢٤.
دەشڵێت “بۆ ئەم مەبەستە سەرجەم فەرمانگەكانی وەزارەت بە هەماهەنگی لقەكانی یەكێتی جووتیاران و ئەنجوومەنی گوندەكان، لیژنەی مەیدانی پێك دەهێنن و سەردانی زەوییەكانی جووتیاران دەكەن و زانیارییەكان لە فۆرمێكی ئامادەكراو تۆمار دەكەن.”
وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم لەبارەی پڕكردنەوەی فۆرمە داواكارە لە جووتیاران هاوكاری لیژنەكان بكەن و ئاشكراشی دەكات “هەر جووتیارێك بەرپرسیار دەبێت، لە تۆماركردن پێدانی زانیارییەكان لە كاتی پڕكردنەوەی فۆرمەكە، چونكە زانیارییەكانی ناوی دەبنە بنەمای مامەڵەكردن لەگەڵ جووتیاران لە كاتی ناردنی لیستی ناوی جووتیارانی ڕاستەقینەی هەرێمی كوردستان بۆ وەزارەتی بازرگانی و وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق.”