دوێنی گەیشتنی كەشتی زەبەڵاحی فڕۆكەهەڵگری ئەمریكی كە لە نێو كایە سەربازییەكان بە قڕشی پۆڵایین ناوزەد دەكرێت و ناوی خۆی (یو ئێس ئێس دوایت ئایزنهاوەر)ە هاتووەتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شڕۆڤەكاران سەربازی و سیاسی پەیامەكانی پشت هاتنی ئەم كشتییە ترسێنەرە ئاشكرا كرد و بە دووپات كردنەوەی پاڵپشتی ئەمریكا بۆ ئیسرائیلی هاوپەیمانی لێكدرایەوە، ئیسرائیل كە ماوەی سێ هەفتەیە لە جەنگدایە لەگەڵ بزوتنەوەی حەماس.
بە پێی راگەیاندنی هێزی دەریایی ئەمریكا ” ئایزنهاوەر گەرووی چیای تارقی بڕیوە و بڕیارە لە كەناراوەكانی ئیسرائیل لەنگەر بگرێت”.
ئەم كشتییە كە بۆتە جێگەی ترسی هاوپەیمانەكانی بزووتنەوەی حەماس، بەتایبەتی ئێران و گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران لە وەڵاتانی یەمەن، سوریە، عێراق و لوبنان بە یەكێك لە باشترین كەشتییە فڕۆكەهەڵگرەكانی سەربە هێزی دەریایی ئەمریكا دادەنرێت، كە لە ساڵی 1977 چووەتە بواری خزمەتكردنی سەربازییەوە، ناوی لە سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا “دوایت ئایزنهاوەر”ی لێنراوە.
قڕشە پۆڵایینەكە خاوەنی چەندین توانای جەنگییە لەنێویشیاندا سیستمی چاودێری و سیخوڕی و كۆكردنەوە و شیكردەوەی زانیارییەكان، پێنج هەزار كەس ئەركی جیاجیایان لەسەر ئەم كەشتییە هەیە.
لە توانایدایە نزیكەی 70 فڕۆكەی هەمەجۆر هەڵبگرێت، كە دیارترینیان فڕۆكەی شەڕكەری جۆری (ئێف ئەی 18) و هێلیكۆپتەرە بۆ گواستنەوە و هەڵگرتنی برینداران. لە نێو ئەم كەشتییە نەخۆشخانەیەكی پێشكەوتوو لەگەڵ تیمێكی تۆكمەی پزیشكی هەن.
