مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی:
ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی تشرینی دووەمی 2023، لە 15 پارێزگای عێراق بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەستیپێكرد.
هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراق لە 18ی كانوونی یەكەمی 2023 بەڕێوە دەچێت و 38 هاوپەیمانێتی و 28 پارت بە شەش هەزار كاندید و 70 كاندیدی سەربەخۆ لە پێناو دەستخستنی 175 كورسیی 15 پارێزگای عێراق، ململانێیی یەكتر دەكەن بۆ كۆكردنەوەی زیاترین دەنگی ئەو 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 دەنگدەری بەشداری لە پرۆسەكە دەكەن.
هاوكات كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بۆ ئەم هەڵبژاردنە 35 هەزار و 553 وێستگەی دەنگدان و حەوت هەزار و 166 ناوەندی دەنگدانی ئامادە كردووە بۆ دەنگدانی گشتی، جگە لە دوو هەزار و 367 وێستگە و 565 بنكەی دەنگدانی تایبەت. بۆ دەنگدانی ئاوارەكانیش 120 وێستگە و 53 ناوەند ئامادەكراون.