زاری كرمانجی – راوێژکارێکی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، دەستپێشخەری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ کۆکردنەوەی لایەنەکان و چارەسەرکردنی دۆخی ئێستای عێراق کاردانەوەی ئەرێنی ھەبوو، ھەروەھا ھەموو لایەنەکان پێیان خۆشە و ئێستا ئامادەکاری بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی ھەنگاوی بۆ بنرێت.
زیرەک کەمال، راوێژکاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: “دوای دەستپێشخەری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ لایەنە عێراقیەکان بۆ ئەوەی ئەم دۆخەی ئێستای عێراق چارەسەر بکرێت و لایەنەکانیش کۆبکرێنەوە، دەستپێشخەریەکە بە ھەموو لایەنەکان گەیشتووە و بەشێکیشیان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕیووە و وەڵامیان بۆ دەستپێشخەریەکە ھەبووە، ئەوەش دەرخەری ئەوەیە ھەرێمی کوردستان بەشێکە لە سەقامگیری و ئاشتی و بەشێکە لە ئاسایش نەک لەسەر ئاستی ھەرێم بەڵکو لەسەر ئاستی عێراقیش”.
زیرەک کەمال گوتیشی: “ئەو دەستپێشخەریەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مانای ئەوەیە سەقامگیری عێراق لای ئێمە زۆر گرنگە و پێکەوەژیانی لایەنە عێراقیەکانمان بەلاوە گرنگە”.
کەمال باسی لەوەشکرد: “ھەنگاو بۆ ئەو دەستپێشخەریە نراوە و ھەمووان ئەوەیان پێ باشە، بەڵام پێویستی بە خۆئامادەکردن ھەیە و ئێستا کاری بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی ھەنگاوی کرداری بۆ بنرێت”.