زاری كرمانجی – سۆران :
لە ماوەی مانگی ڕابردوو ئێران سزای لەسێدارەدانی لەسەر 78 لە بەندكراونی ناو بەندیخانەكانی جێبەجێ كردووە و ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاویش ئاماژە بەوە دەكات 65 % ڕێژەی لە سێدارەدان زیادیكردووە بەراورد بە مانگەكانی ڕابردوو.
بە پشتبەستن بە ئامارەكانی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ماوەی مانگی تشرینی یەكەمی 2023، 78 بەندكراو بە بیانووی جیاواز لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە سێدارە دراون.
هەنگاو ئاماژە بەوە دەكات “لە ماوەی مانگی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٣دا لانی كەم جێبەجێكردنی سزای سێدارەی ٧٨ بەندكراو لە بەندیخانەكانی ئێراندا تۆمار كراوە. لەم ڕێژەیەدا ٣٥ بەندكراو بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەكانەوە لە سێدارە دراون.”
هەر وەكوو لە ڕاپۆرتەكەی ڕێكخراوی هەنگاو هاتووە ئەم ڕێژەیە بە بەراوردكردن لەگەڵ مانگی ڕابردوودا ٥١ حاڵەت واتە بە ڕێژەی ٦٥٪ زیادی كردووە. ئەوەش دەڵێ لە هەر دوو ڕۆژدا 5 بەندكراو لە سێدارە دراون.
لە نێو ئەو بەندكراوانی لە سێدارە دراون لە مانگی ڕابردوو 18 كەسیان لە نەتەوەی بەلووچ و 4 ی تریان كورد و 4 تورك و 5 كەسیشیان خەڵكی ئەفغانستان بوونە.

































































