بە پێی بڵاوكراوەیەكی دەزگای هەواڵگری عێراقی كە شەوی رابردوو بڵاو كرایەوە” 6 كەسیان بە تۆمەتی بردنە دەرەوەی دۆلار بە شێوەی نایاسایی دەستگیر كردووە و دەستیان بەسەر بڕێكی زۆری پارە داگرتووە”.
لە راگەیەندراوەكە هاتووە” تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هێزەکانیان توانیویانە بەتۆمەتی بردنەدەرەوەی پارە، لەناو کۆمپانیایەکدا شەش کەس دەستگیربکەن و دەستیش بگرن بەسەر بڕی ٣٣٤،٢٧٠،٠٠٠ملیۆن دیناری عێراقی و (١٥٧,٢١٧ ) هەزار دۆلاری ئەمریکی”.
لەبەشێکیتری راگەیەنراوەکەدا هاتووە” لەسەر بنەمای زانیارییە هەواڵگرییە وردەکان کە لەلایەن مەفرەزەکانی دەزگای هەواڵگرییەوە دەستیان کەوتووە، توانیویانە دەستیان بەوە بگات کە کۆمپانیایەکی خزمەتگوزاری لەبەغداد، بەپێچەوانەی ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندی پارەیان بردووەتە دەرەوەی وڵات”.
هەروەها رایانگەیاندووە” دوای هەڵکوتانەسەر کۆمپانییەکە، تۆمەتبارەکان بەڕاشکاوی دانیان بەوەدا ناوە کە دراوی نیشتمانی و بیانییان لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق گواستوەتەوە، ئەوەش بە سود وەرگرتن لە ناونیشانێکی ساختە کە ناوی کۆمپانیایەکی خزمەتگوزاری بووە”.
جەختیش لەوە کراوەتەوە، دەزگای هەواڵگری بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنەکانیان بەرامبەر ئەو کەسانەی یاری بە نرخی دۆلار دەکەن و بەپێچەوانەی رێنماییەکانی بانکی ناوەندییەوە پارە دەبەنە دەرەوەی وڵات و زیان بە ئابوری نیشتمان دەگەیەنن.