شەهلاسۆفی -زاری كرمانجی:
بەڕێوەبەری كۆمپانیایی خۆراكی سۆران، لەبارەی تۆماركردنی ناوی منداڵان و ئەو كەسانەی هاوسەرگیریان كردووە، زانیاری دەخاتەڕوو، دەشڵێت: ” هەوڵەكانمان بەردەوامە بۆ ئەوەی ئەو كەسانەی تازە هاوسەرگیریان كردووە، لە وەرگرتنی بەشە نەوت سودمەندبن.
حوسێن محەمەد بەڕێوەبەری كۆمپانیای خۆراكی سۆران، بەزاری كرمانجی ڕاگەیاند:” هەرچەندە لە مانگی پێنجی ئەمساڵ تۆماركردنی ناوی منداڵان و هاوسەرگیری ڕاگیرابوو، بەڵام ماوەی هەفتەیەكە تۆماركردنی ناوی منداڵان دەستی پێكردووەتەوە، هەروەها ئێستا لە عێراق تۆماركردنی هاوسەرگیری كارەكانی وەستاوە چاوەڕوانی سەرووی خۆمانین تا بڕیاری لێوەبدرێت.”
لەبارەی پێدانی سووتەمەنی بە و كەسانەی تازە هاوسەرگیریان كردووە، بەڕێوەبەری كۆمپانیای خۆراكی سۆران ئاماژەی بەوەدا ” ئەوانەی تازە هاوسەرگیرییان كردووە بەهۆی نەبوونی پسوولەی خۆراك ناتوانن كارتی زانیاری و كارتی نیشتیمانی دەربێنن، چونكە هەموو ئەمانە پێویستی بە پسووڵەی خۆراك و پشتگیری خۆراك هەیە، هەموو ئەمانە تەواوكەری یەكترن، بۆیە ئەو هاوڵاتییانەی هاوسەرگیریان كردووە و ناویان لە لیستی خۆراكدا نییە، بەهەماهەنگی لەگەڵ هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران و قائیمقامی قەزای ناوەندی سۆران و ئەمیر سەلیم بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی ئیدارەی سۆران، هەموو هەوڵێكمان ئەوەیە ئەو هاوڵاتییانە لە وەرگرتنی بەشە نەوتی ئەمساڵ سوودمەند بن”.
دووپاتی کردەوە” ئەو هاوڵاتییانەی كە لە مانگی پێنج سەردانی بنكەی خۆراكییان كردەوە لە ئێستا دا سەردانمان دەكەن، كارتی زانیاری لەگەڵ خۆیان بهێنن دوای ئەوەی زانیارییەكان داتا سیستەم دەكرێ ئەگەر پسوولەی نوێی هاوسەرگیریان نەبوو ڕاستەوخۆ ناویان دەخەینە نێو لیستێك بۆ ئەوەی لە بەشە نەوتی ئەمساڵ بێبەش نەبن.”