شەهلا روشید- زاری كرمانجی:
زۆرجار ڤایرۆسێك بڵاو دەبێتەوە، خەڵك نازانێت چۆن لەگەڵ ئەم حاڵەتە مامەڵە بكەن، بۆیە پێویستە پزیشكان هۆشداری یاخود رێنمایی لە ناو خەڵك بڵاو بكەنەوە.
د. محەمەد حاجی ناوخۆش، بەرپرسی بەشی كۆنتڕۆڵكردن و پێشگرتنی هەوكردن و دڵنیای جۆری لە سۆران، لەسەر ئەم جۆرە حاڵەتانە بۆ زاری كرمانجی دوا و وتی:” كردنەوەی ئەم بەشە گرنگییەكی زۆری هەبوو بۆ ئیدارەی سۆران، لەبەر ئەوەی دەتوانین بە شێوەیەكی ئاسانتر و تەندروستتر رێنماییەكان بگەیەنینە خەڵك، ئەم بەشە تەنها بۆ كۆنتڕۆڵكردن و پێشگرتنە، واتە پێش ئەوەی نەخۆشییەكە بڵاو ببێتەوە كۆنتڕۆڵ دەكرێت، بۆ نموونە ئەگەر كەسێك نەخۆشی سیل یاخود ئایدزی هەبوو كاتێ دەرزیان لێدەدرێت ئەوا پێویستە ئەم دەرزیە دوای بەكارهێنانی فڕێ بدرێت، یان كەل و پەلەكانی پاشماوەی پزیشك دوای بەكارهێنان یاخود ئەوانەی ماوەیان بەسەرچووە، پێویستە بسوتێنن چونكە ئەگەر لە دەرێ فڕێ بدرێن لەوانەیە منداڵێك دەستی لێبدات و تووش ببێت”.
ئەوەشی خستەڕوو” دوای ئەوەی كە رێنماییەكانمان بڵاوكردەوە سەردانی بنكە تەندروستیەكان دەكەین بۆ دڵنیایی بوون بە پابەندبوونی رێنماییەكان، هەڵمەتەكەمان نەك تەنها بۆ شوێنە تەندروستییەكانە، بەڵكو بۆ قوتابخانەكانیشە، سەردانی پەروەردەیی سۆران دەكەین لەسەر ئەم بابەتە و دەمانەوێ كۆنتاكمان هەبێت لەگەڵ چاودێری قوتابخانەكان بۆ ئەوەی ئەوانیش سوودمەند بن، هەروەها بۆ لەناوبردنی ڤایرۆسەكان و خاوێن راگرتنیان پێویستە نەخۆشخانەكان و بنكە تەندروستییەكان بە دیتول بشۆردرێن و زوو زوو تەحقیم بكرێن”.