نووسەر: ئەلەند فەرهاد سەباح
قوتابی بەشی جوگرافیای زانكۆی سۆران
ئێمە لە جیهانێكداین تادێت بەهۆی كەمی ئاوەوە ڕوبەرووی ئاڵنگاری گەورە دەبینەوە لە دابینكردنی ئاوی پێویست بۆ چالاكی كشتوكاڵی، هەندێك جار تێروانین لە داهێنانە كۆنەكان لە هەر بوارێك بێت دەتوانن گونجاوترین چارەسەر بۆ كێشەكانمان پێشكەشبكەن، یەكێك لەو سیستەمە داهێنەرانەی ئاودێری كۆن بریتییە لە (ئۆلا)، سیستەمی ئاودێری ئۆلا بۆ چەندین سەدە لەلایەن كولتوورە جیاوازەكانەوە بەكارهێنراوە، لە كۆمەڵگە ڕەسەنەكانی ئەمریكاوە بگرە تا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەنانەت ئەمڕۆش سوودی لێ وەردەگیرێت بەهۆی ئەو سوودە زۆرانەی هەیەتی بۆ چالاكی كشتوكاڵی، هەوڵدەدەین لەم وتارە بە ناو جیهانی (ئۆلا) دا قوڵببینەوە و باس لە ڕێكارەكانی بەكارهێنانی ئەم سیستەمە بكەین.
ئۆلا چییە؟
ئۆلا بریتییە لە گۆزەیەكی گڵینی یاخود قوڕی كونیلەدار، كە بە كاری دەستی درووستكراوە و پر دەكرێت لە ئاو و لە ژێر خاكدا و لە نزیك ڕووەك و بەروبوومە كشتوكاڵییەكان دادەنرێت، وشەی (ئۆلا) لە زمانی ئیسپانییەوە هاتووە و بە مانای گۆزە دێت.
ئۆلا چۆن كار دەكات؟
ئۆلا لەسەر بنەمای ئاوی دزەكردوو ناو گۆزەیەك بۆ ناو خاك كاردەكات، كە شێوازێكی زۆر باشی پاشەكەوتكردن و كەم بەكارهێنانی ئاوە، دەتوانرێت پرۆسەكە دابەش بكرێت بۆ چەند هەنگاوێكی سادە كە بریتیین لەمانە :
1- ناشتنی ئۆلا لەژێرخاك : چاڵێك لەو زەویەدا هەڵبكەنە كە دەتەوێت ڕووەكەكانتی پێ ئاو بدەیت، و گۆزەی ئۆلاكە بخە ناو چاڵەكە، مەرجە كە گۆزەكە كونیلەی بچووكی لەناو پێكهاتەكەی دا هەبێت و ئاو تێیدا دزەبكات بۆ ناو خاك، هەروەها پێوستە چاڵەكە ئەوندە قوڵبێت كە تەنها سەری گۆزەكە لە سەرەوەی ئاستی خاك بێت ئەمەش بۆ ئاسان گەیشتن بە گۆزەكە.
2- پڕكردنەوەی ئۆلا بە ئاو : گۆزەكە پڕ بكە لە ئاو، سەری گۆزەكە بە كەرستەیەك داپۆشە بۆ ئەوەی بەهەڵمبوون ڕوونەدات لە ئاوەكە و پاشماوە نەچێتە ناو گۆزەكە.
3- چاندن لە نزیك ئۆلا : بەروبوومەكانت یان گوڵەكانت لە دەوری گۆزە نێژراوەكە بچێنە، دڵنیابە كە ڕەگی ڕووەكەكانت نزیك بن لە كونیلەكانی گۆزەكە بۆ ئەوەی شێی پێویست بگات بە ڕووەكەكانت.
4- دزەكردنی ئاو : تاچەند خاكی دەوروبەری گۆزەكە توشی وشكبوون بێت، ئاوی ناو گۆزەكە بە هێواشی دزەدەكاتە ناو خاك، ئەم كردارەش تەنها ئەو كاتە ڕوودەدات كە خاكەكە توشی وشكبوون بێت، كاتێك كە خاكەكە شیدارە ئاوی ناو گۆزەكە ناتوانێت دزە بكاتە ناو خاك، ئەم هێواش دەردانی ئاوە سەرەرای ئەوەی دڵنیای دەدات لەوەی كە ڕووەكەكان ئاوێكی بەردەوام وەربگرن لە هەمانكاتیشدا لە گونجاوترین كاتدا سوود لە ئاوەكە وەربگرن، ئاوەكەش توشی بەهەڵمبوون نایەت.
سوودەكانی بەكارهێنانی سیستەمی ئۆلا :
1- كەمكردنەوەی بەفیرۆچوونی ئاو : ئۆلا بەفیڕۆدانی ئاو بە شێوەیەكی بەرچاو كەمدەكاتەوە بە بەراورد بە ئاودانی تەقلیدی، هۆكاری ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ كەمی بەهەڵمبوون و بەفیڕۆچوونی ئاوی ناو گۆزەكەدا.
2- شێی بەردەوام : ئۆلا سەرچاوەیەكی بەردەوامی شێ بۆ ڕەگی ڕووەكەكان دابین دەكات، ئەمەش دەبێتە هۆی گەشەكردنێكی تەندروستتر و بەهێزتر.
3- كەمكردنەوەی گژوگیا : ئۆلا ڕاستەوخۆ ئاو دەگەیەنێتە ڕەگی بەروبوومەكان لەناو خاكدا، ئەمەش وادەكات گژوگیای بێ كەڵك لە دەوروبەری بەروبوومەكان گەشە نەكات.
4- باشتركردنی خاك : بە تێپەڕبوونی كات، ئۆلا دەتوانێت یارمەتی باشتركردنی كوالیتی خاك بدات بە هۆی یەكسانی لە دابەشكردنی ئاو و ڕێگریكردن لە كۆبوونەوەی ئاو لە ناوچەیەكی دیاریكراودا.
5- تێچوو و كاری كەمی پێویستە : گۆزەكان لە كەرستەی زۆر سادە دروستدەكرێت كە بریتییە لە قوڕ، هەروەها زۆر بە كەمی توشی تێكچوون دێن تەنها پێویستی بەوەیە كە جار جار پڕ بكرێنەوە لە ئاو.
6- گونجاوە بۆ ڕووەكی جۆراوجۆر : ئۆلا گشتگیرە و دەتوانرێت بۆ چەندین ڕووەكی و بەروبوومی جۆراوجۆر بەكاربهێنرێت.
7- دۆستی ژینگەیە : ئۆلا لە ماددەی سروشتی دروست دەكرێت، ئەمەش وای لێدەكات ببێتە بژاردەیەكی دۆستی ژینگە بۆ جوتیاران.
لە كۆتاییدا بۆ ئەوەی بە باشترین شێواز سوود لەم سیستەمە وەربگریت چەند خالێك جێبەجێبكە، لەوانەش ژمارەی گۆزەكان پێویستە بە ڕێژەیەكی گونجاو لەگەڵ خاكدا یەكبگرێتەوە، هەروەها بەردەوام چاودێری گۆزەكان بكەو دڵنیابە لە بوونی ئاو لەناو گۆزەكاندا، لە كۆتاییشدا هیوادارم جوتیاران و باخەوانانی هەرێمی كوردستان سوود لەم تەكنیكە وەربگرن و توێژەرانی بواری كشتوكاڵی لە كوردستان لێكۆلینەوەی زیاتر بكەن لەسەر ئەم سیستەمە.