زاری كرمانجی – سۆران:
سەرچاوەیەكی ئەمنی بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: شەوی ڕابردوو هەڵمەتێكی گەڕان و پشكنین بە هاوبەشی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكانی هەولێر و تیمێكی تەندروستی هەولێر، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سۆران و بنكەی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكانی سۆران، بۆ چەند كافتریایەكی سۆران ئەنجام درا.
ئەو سەرچاوە ئەمنییە كە نەیویست ناوەكەی ئاشكرا بكرێت، دەڵێت: ئامانج لەم هەڵمەتە بەرفراوانە زیاتر بۆ پشكنینی كافتریكان بوو بەتایبەتی توتنی نێرگەلە و پشكنینی ئەو كارمەندانەی كە لە كافتریاكان كار دەكەن بۆ ئەوەی بزاندرێت ئایا ماددەی هۆشبەر تێكەڵ بە تووتن دەكرێت یاخود نا، هەروەها كاری لیژنەی ئابووری قایمقامیەتی قەزای ناوەندی سۆرانیش لێكۆلینەوە بوو لەسەر مۆڵەت و كارتی تەندروستی كافتریاكان، لەم هەڵمەتەدا هیچ شوێن دانەخراوە بەیانی پشكنینی كۆتایی دەردەچێت، دوای تەواوبوونی پشكینەكان بڕیاری كۆتایی دەدرێت لەسەر كافتریاكان، هاوكات هەڵمەتەكەش بەردەوام دەبێت تا تەواوی كافتریاكان پشكنینیان بۆ دەكرێت.