مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە هەر وەكوو بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بۆ دەكات تەواوی مامەڵەكان لە دەروازەكان دەبێتە دینار. دەشڵێت لە داهاتوودا هەموو مامەڵە حكومییەكان بە دیناری عێراقی دەبێت.
ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 30ی تشرینی یەكەمی 2023 ڕاگەیاند “بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە مامەڵەكردن بە دینار لە هەموو دەروازەكان بكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە.”
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی كوردستان ڕوونكردنەوەی زیاتر دەدات و دەڵێت، “بە نرخی فەرمی بانكی ناوەندیی عێراق مامەڵە دەكەین. پێشتریش ئەو نرخە جێبەجێكراوە لە نێو مەنەفێستەكانیش دیاریكراوە و ڕاستەوخۆ دەگۆڕێت، واتا ئەگەر كەسێك هەزار دۆلاری هەبێت ڕاستەوخۆ دەبێتە ملیۆنێك و 300 هەزار دینار.”
بڕیارەكە بە مەبەستی كۆنترۆڵكردنی بردنە دەرەوەی دۆلار بۆ وڵاتانی دراوسێ لە لایەن عێراقەوە دراوە و هەرێمی كوردستانیش پابەند دەبێت پێیەوە.