مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشووی ئەمریكا لە وتارێكیدا لەبەردەم ئەنجوومەنی جولەكەكانی كۆمارییەكان، هەڕەشەی لە عێراقییەكان كرد و وتی لەبەرامبەر دڵۆپێك خوێنی ئەمەریكی، گالۆنێك خوێنی ئێوە دەڕژێت.
ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی لە ڕاپۆرتێكدا ئاشكرای كرد، ڕۆژی شەممە 28ی تشرینی یەكەمی 2023، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشووی ئەمریكا لەبەردەم ئەنجوومەنی جولەكەكانی كۆمارییەكان وتارێكی پێشكەش كرد و داوای لە ئەمریكا كرد هێرش بكاتە سەر ئەوانەی خوێنی ئەمەریكییەكان دەڕێژن و پەیامێكی هەڕەشەئامێزی بۆ عێراقییەكان نارد و وتی، “ئەگەر دڵۆپێك خوێنی ئەمریكی ڕژا، گاڵۆنێك خوێنی ئێوە دەڕێژین.”
لە بەشێكی تری وتارەكەیدا سەرۆكی پێشووی ئەمریكا گاڵتەی بە ئەورووپا كرد و وتی “لە هەموو گۆشەیەكی لەندەن و پاریس تیرۆریست هەن و ڕاشگەیاند ئەگەر جارێكی دیكە هەڵببژێرێتەوە بۆ سەرۆكایەتی ئەمەریكا بە دەستێكی قورستر دژی هەموو ئەوانە دەوەستنەوە كە زیان بە ئەمەریكا دەگەیەنن و دەڵێ “ئەگەر جارێكی دیكە هەڵبژێردرێمەوە، ئەوا بە دەستێكی قورستر لە خولی یەكەمی سەركردایەتی، تۆڵە لەوانە دەكەینەوە كە هەڕەشە لە ئەمریكا و هاووڵاتییانی دەكەن.”