شەهلا رەشید- سۆران:
پزیشكێكی پسپۆڕ دەڵێت” زۆرجار دایكان و باوكان گلەیی ئەوە لە منداڵەكانیان دەكەن كە بەردەوام توڕە و دەمارگیرن، هەروەها وا بیر دەكەنەوە كە منداڵ لە هیچ تێناگات ئەم بیرۆكەیەش هەڵەیەكی ترسناكە.
د. كاوە عومەر، پسپۆڕی نەخۆشیی منداڵان، دەڵێت” هەندێك لە منداڵان بەردەوام توڕە و دەمارگیرن، بەڵام هیچ یەك لەم منداڵانە لە خۆیانەوە تووشی ئەم حاڵەتانە نابن، كە چی زۆر جار دایكان و باوكانیش ئەم گلەییەیان هەیە، بەڵام هۆكاری سەرەكی ئەم دەمارگیرییە ئەوانن، چونكە خێزان بەرامبەر منداڵەكەی چ ڕەفتارێك یاخود قسەیەك بكات ئەویش هەمان شت دووبارە دەكاتەوە”.
ئەم پزیشكە دەشڵێت” زۆرجار دایك و باوك گلەیی ئەوەی هەیە كە منداڵەكەی هاوار دەكات و توڕە دەبێت، هیچ منداڵێك لە خۆیەوە و لەنێو سكی دایكی وای لێ ناهێت، هۆكاری سەرەكی دایك و باوكە، بۆ نموونە منداڵەكە هەڵەیەكی بچووك دەكات یەكسەر پەلاماری دەدەن و قسەی پێ دەڵێن، ئەویش لەم حاڵەتەدا بەرپەچ دانەوەی دەبێت و پەلاماریان دەدات و هەمان قسە و ڕەفتارەكان دووبارە دەكاتەوە، كەواتە لە ماڵەوە چۆن مامەڵە لەگەڵ منداڵەكە بكرێت ئەویش هەمان شت دووبارە دەكاتەوە، ڕێزی لێ بگیرێت ئەویش ڕێز دەگرێت قسە نەرم بیت لەگەڵی قسەكانی ئەویش هەمان شێوە دەبن”. ئاشكراشی دەكات” كەمی ناز، مامەڵەی تووند، نازكردنی زۆر، گرنگی نەدان و سووكایەتی كردن بە منداڵ، هەموو ئەمانە دەبنە هۆی ئەوەی منداڵەكە دەمارگیر بێت، تەنانەت ئەگەر دایك و باوكەكە دەمارگیریش نەبن شێوازی مامەڵە كردن لەگەڵ منداڵ گرنگە، لە كۆمەڵگەی ئێمەدا شێوازێك هەیە بۆ سووكایەتیكردن و نیشاندانی بێباكی بەرامبەر منداڵ، چونكە بەپێی تێڕوانینی دایك و باوك، منداڵ لە هیچ تێناگات و ئەم بیرۆكەیە هەڵەیەكی ترسناكە”.