بەرپرسی مەكتەبی رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی رایگەیاند ” دەرگای پارتی هەمیشە بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكان كراوەیە”.
گووتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش ئاشكرای كرد، “بەمنزیكانە لەگەڵ پارتی كۆدەبینەوەو گفتوگۆ لەسەر چەند پرسێكی ناوخۆییو ناوچەیی دەكەین”.
د. سالار عوسمان، بەرپرسی مەكتەبی رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە زاری كرمانجی گووت ” پارتی و یەكێتی لە داهاتوویەكی نزیك كۆدەبنەوە، بەڵام تا ئێستا رۆژەكەی دیاری نەكراوە”.
د. سالار عوسمان، زیاتر روونیكردەوە ” پارتی لە پێناو بەرژەوەندییە نیشتیمانی و نەتەوەیێەکانی کوردستان و تەبایی سیاسی و چارەسەریی گرفتەکان دەرگای کراوە بووە و هەر بە کراوەییش دەمێنێتەوە”.
سەعدی ئەحمەد پیرە گووتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، رایگەیاند “بەمنزیكانە لەگەڵ پارتی كۆدەبینەوە و بەشێكی كۆبونەوەی پارتیو یەكێتی تایبەتدەبێت بەیەكخستنەوەی ناوماڵی كورد، هەروەها تەوەرێكی دیكەی كۆبونەوەكە تاووتوێكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستانو بەغدا دەبێت، هەروەها دۆخی ئاڵۆزی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو كاریگەرییەكانی بۆسەر هەرێم یەكێك دەبێت لەتەوەرەكانی كۆبونەوەكەمان”.