مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دوای ئەوەی جارێكی تر لە لایەن میلیشیای بە ناو (مقاوەمەی ئیسلامی) ی نزیك لە ئێران، لە ڕێگەی درۆنەوە بنكەیەكی سەربازی ئەمەریكايان لە ڕۆژئاوای كوردستان كردە ئامانج، لە بەرامبەردا درەنگانی شەوی ڕابردوو فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای ئەمریكا دەوروبەری شاری ئەلبوكەمالیان لە دێرەزوور بۆردوومان كرد.
لە ڕاگەیاندراوێكدا ڕوانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ ڕاگەیاند “فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا سنووری شاری ئەلبو كەمالیان لە دێرەزوور بۆردوومان كرد، كە دەكەوێتە سنووری نێوان سووریا و عێراق.”
هاوكات فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیلیش دەوروبەری پارێزگای دەرعایان لە سووریا كردووەتە ئامانج.
مقاوەمەی ئیسلامی لە ماوەی 48 كاتژمێر دوو جار لە ڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بۆردوومانی بنكەكانی هاوپەیمانانی كردووە لە سووریا، لەبەرامبەردا فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا بۆ دووەم جار شاری ئەلبوكەمالیان بۆردوومان كردووە كە شوێنی مانەوەی گرووپە میلشیاكانی نزیك لە ئێرانن.