مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
شارەزایەكی بواری كەشناسی ڕادەگەیەنێت بارانبارین تا هەفتەیەكی تر دوا دەكەوێت و دوای ئەو ماوەیە بارانێكی باش لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەبارێت.
ئاراس جەبار شارەزای بواری كەشناسی، لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نووسیویەتی لە ئەنجامی كاریگەری ئەو بەرزە پەستانەی ئاسمانی ناوچەكەی كۆنترۆڵ كردووە و تا ڕۆژی ٣ی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت، ئەگەری هیچ بارانبارینێك لەم ماوەیەدا لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان نابێت و دەشڵێت “پێشبینی دەكرێت لە دوای 3ی مانگی داهاتووە، بارانبارین لە ناوچەكان دەست پێ بكاتەوە، سەرەتا بەشێوەی حاڵەتی لاوازی ناجێگیری كەش كە خۆی لە تاوە باران و چالاكبوونی هەورە بروسكە بەشێوەی هەڕەمەكی دەبینێتەوە.”
ئاراس ئەوەشی خستووەتە ڕوو، بەگشتی لە دوای ئەو ماوەیە، بارانێكی باش ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكات و گۆڕانكاری تەواو لە كەش و هەوای ناوچەكە دروست دەكات.