شەهلا رەشید- زاری كرمانجی
پزیشكێكی پسپۆڕی خۆراك، ڕێنمایی دەداتە ئەو كەسانەی دوای وازهێنان لە ڕێجیم كردن چۆن خۆیان لە زیادبوونەوەی كێشی لەش بپارێزن.
د. كامەران ڕەسوڵ، پسپۆڕی زانستی خۆراك، دەڵێت” زۆرن ئەو كەسانەی پاش ڕێجیم دوای ماوەیەك دووبارە كێشییان زیاد دەبێتەوە، بێگومان لە زانستی پزیشكی دا شتێك نییە بەناوی ڕێجیمی بەردەوام، بەڵام كۆمەڵێك ڕێنمیایی هەن تا ڕادەیەكی زۆر ڕێگرن لە زیادبوونەوەی كێش، گرنگترینیان ئەمانەن :
-خواردنی قاپێك زەڵاتە یەك چارەك پێش ژەمی نیوەڕۆ و ئێوارە.
-دوو بۆ سێ جار ڕۆژانە میوەی هەمە جۆر بخۆ، دووكاتژمێر پێش یان دوای ژەمە سەرەكییەكان.
-خواردنی ژەمی بەیانی لە كاتی خۆیدا، واتە كاتژمێر 8ی بەیانی.
-لە بری خواردنی نانی بازاڕ و سەموون، نانی تیری و هەورامی بخۆن بەتایبەت ئاردی بۆر یان جۆ.
-خواردنی برنجی قاوەی یان بۆر لە بری برنجی سپی، تایبەت ئەگەر بە پڵاو لێبنرێن باشترە.
-ڕۆژانە وەرزش بكە بۆ ماوەی نیو كاتژمێر یان زیاتر، ئەگەر توانیت هەفتەی چەند جارێكیش بڕۆ بۆ مەلەكردن یان جێم.
-نەخواردن یان كەمكردنەوەی خواردنی شیرینی، ساردەمەنی، خواردنەوە گازییەكان و فاست فوود.
-كەمكردنی بڕی خوێی چێشت لە خواردن و دوور كەوتنەوە لە خواردنی سوێر.
-دوای تێر بوون یەكسەر شوێنی خواردن بەجێ بهێڵە.
-ڕۆژانە یەك كاتژمێر یان زیاتر خۆت بدە بەر تیشكی خۆر لە نێوان كاتژمێر 9ی بەیانی بۆ 3ی ئێوارە.
-ڕۆژانە لە یەك پیاڵە چەرەس زیاتر مەخۆ.
-خواردنەوەی بڕی پێویست لە ئاو ڕۆژانە لە نێوان ژەمەكان.
-دوور كەوتنەوە لە شەونخوونی، بە لایەنی كەم زۆربەی شەوانی هەفتە پێش كاتژمێر 11 بخەوە.