مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دوای پەیامە هۆشدارییەكەی ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ ئێران، كە وتی ئەگەر ئێران یان بریكارەكانی هێرش بكەنە سەرمان، ئێمە بە خێرایی و بە بڕیار بەرگری لە گەلەكەمان و ئاسایشی خۆمان دەكەین و وەڵامی یەكلاكەرەوە بۆ هەر هێرشێك دەدەینەوە.
ئێرانیش لە رێگەی رێكخستنەوەی میلیشیاكانی لە ناوچە سنوورییەكانی عێراق پەیامێكی بە ناراستەوخۆ بۆ ئەمەریكا ناردووە كە ئەوانیش ئامادەن بۆ جەنگ.
ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە ژمارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 29ـی تشرینی یەكەمی 2023 لە زاری چەند سەرچاوەیەكی عێراقییەوە بڵاویكردەوە سوپای پاسداران بە پلانی بڵاوكردنەوەی میلیشیا عێراقییەكان لە ڕۆژئاوای عێراقدا دەچێتەوە.
هاوكات نێوەندگیرە سیاسییەكانی عێراق تێوەگلانی وڵاتەكەیان لە جەنگی ئیسرائیل و حەماس بە مەترسی دەزانن بۆ سەر ئایندەی حكومەت و پێیان باشە عێراق لە دەرەوەی ئەو كێشەیە بەوەستێت، هەرچی سەركردەی میلیشیا شیعەكان هەیە لەگەڵ ئەو ستراتیژەدا نین و پێیان وایە دەبێ عێراقیش خاوەن بڕیار و هەڵوێستی خۆی بێت و نابێت تەنیا سەیركەری شەڕەكە بێت.
ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت بڵاوی كردووەتەوە كە نێوەندگیرە سیاسییەكانی عێراق پەیامیان گەیاندووەتە ئەمەریكا ئێران نایەوێت بەشداری لە شەڕی غەززەدا بكات، بەڵام پێدەچێت هێرشەكەی ئیسرائیل ناچاری بكات.
ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە لە نێوخۆی چوارچێوەی هەماهەنگیدا پشێوی دروست بووە سەبارەت بە چۆنێتی وەڵامدانەوەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، چونكە شیعە بەشداربووەكانی حكومەت نایانەوێت عێراق لەو قەیرانەوە تێوەبگلێت.
سەركردەیەكی چوارچێوەی هەماهەنگی كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت بە ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی ڕاگەیاندووە ستراتیژی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران بریتییە لە پێشكەشكردنی هاوكاری مرۆیی بۆ دانیشتووانی غەززە و هەوڵی دیپلۆماسی بۆ ڕاگرتنی جەنگەكە.
ئەو سەركردەیەیی چوارچێوەی هەماهەنگی نایشارێتەوە لەگەڵ هێرشی زەمینی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، كۆنترۆڵكردنی میلیشیا عێراقییەكان لەدەست دەردەچێت.