زاری كرمانجی- سۆران:
ماوەیەكە بە ناوی بەرپرسی باڵا یا كەسایەتییە دەوڵەمەندەكانەوە پەیوەندی بە هاووڵاتییانەوە دەكرێت و داوای پارەیان لێ دەكەن بە بیانووی جیا، بەرپرسێكی ئەمنیش هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان تا نەكەونە ئەم جۆرە داوەوە .
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە دەزگایەكی تەناهی، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” ماوەیەكە بە ناوی جیا و لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە هاووڵاتییانەوە دەكرێت بە تایبەتی بە بەرپرسان و دەوڵەمەندان، تا بڕێك پارە بدەن بە كەسێك یا تەحویل بكەن بۆ دەرەوەی وڵات، هەندێكجاریش لە لایەن ئەو كەسە فێڵبازانەوە ناوی بنەماڵەی بەرێزی بارزانی بەكار هێندراوە، بۆیە لێرەوە داوا لە هەموو هاووڵاتییان دەكەین نەكەونە ئەم داوە و فێڵیان لێ نەكرد، لەبەر ئەوەی پارەكەیان دەفەوتێت”.
ئەم بەرپرسە، هۆشداری دەدات و دەشڵێت، واباشترە لە كاتی ئەم جۆرە پەیوەندییانە دەزگاكانی پۆلیس و ئاسایش ئاگادار بكرێنەوە، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان ئەم جۆرە فێڵەیان لێ نەكرێت “.