مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
وا بڕیارە سەرەتای ساڵی داهاتوو، یەكەمین كەس لە ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەكان، جۆرە ڤاكسینێكی لەسەر تاقی بكرێتەوە، كە لەلایەن تیمێك لە پزیشكانی بەڕازیل بەرهەمهێنراوە و یارمەتیی ئالوودەبووان دەدات واز لە بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان بهێنن.
ڕۆژنامەی ” دەیلی مەیلی بەریتانی ” بڵاوی كردووە ژەمە تاقیكارییەكە ئەنجامێكی ئومێد بەخشی لە تاقیكردنەوەكانی ئاژەڵدا نیشاندا و بەم زووانە دەچێتە قۆناخی كۆتایی تاقیكردنەوەكه كە مرۆڤە.
پزیشكی دەروونی فرێدریكۆ گارسیا سەرۆكی تیمی پەرەپێدانی چارەسەرەكە لە زانكۆی فیدراڵی میناس گێرایس لە بەڕازیل، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە زیاتر لە سێ هەزار كەس پەیوەندییان بە تیمەكەوە كردووە بۆ ئەوەی خۆبەخشانە بەشداری تاقیكردنەوە كلینیكەكانی مرۆڤ بكەن.
هەفتەی ڕابردوو ڤاكسینەكە، خەڵاتی داهێنانی تەندروستی ئەورووپا بۆ پزیشكی ئەمریكای لاتینی بە دەستهێنا كە بڕی نیو ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی بوو.
دكتۆر گارسیا ئاماژەی بەوەش كرد كه تا ئێستا لە جیهان هیچ چارەسەرێكی تۆماركراو بۆ ئالوودەبوون نییە و تاكە بژاردە بۆ ئالوودەبووەكە”ڕاوێژكاری دەروونی و هاوكاری كۆمەڵایەتی و چاكسازییە.”
ئاماژەی بەوەش كرد، ڤاكسینەكە یارمەتی نەخۆشەكان دەدات لە گرنگترین قۆناخەكانی چاكبوونەوەدا، كاتێك سەنتەرێكی چاكسازی بەجێ دەهێڵن.
ژمارەی ئالودەبووانی ماددە هۆشبەرەكان لە جیهان، بەپێی ئاماری ڕێكخراوی نێودەوڵەتیی تەندروستیی جیهانی 270 ملیۆن كەسی تێپەڕاندووە .