رۆژبەڕۆژ هێزی پارتی لە كەركووك زیاد دەبێت
زاری كرمانجی-سۆران:
ڕۆژی پێنج شەممە، 26ـی تشرینی یەكەمی 2023، كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆك بارزانی و ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی و ئەندامانی كۆمیتەكە كۆبووەوە و دواتر ڕاگەیێندراوێكی لەبارەی كۆبوونەوەكە بڵاوكردەوە كە ئاماژە بەوە دەدات، تاوتوێی شەش تەوەری سەرەكییان كردووە و بڕیاری پێویستییان بۆ وەرگیراوە.
لەبارەی پرسی بارەگاكانی پارتی لە كەركووك، لە ڕاگەیێندراوەكەدا هاتووە، لەپێناو پاراستنی گیانی تەبایی و سەقامگیری شاری كەركووك و، پێزانین و ڕێزگرتن لە خەڵكی خۆڕاگر و تێكۆشەری ئەم شارە كە ماوەیەكی زۆرە خۆڕاگر و بەردەوام قوربانی دەربوون لە پێناو ئامانجە ڕەواكانیان، كۆبوونەوە بڕیاریدا پارتیمان باڵەخانەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پێشووی خۆی لە كەركووك، پێشكێشی زانكۆی كەركووك بكرێت وەكو دیارییەك بۆ قوتابییانی ئەو شارە و پڕۆسەی خوێندن و ڕۆشنبیری و پێشخستنی شارەكە، هاوكات كۆبوونەوە سوپاسی محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی حكوومەتی فیدراڵ دەكات لەبەرامبەر دەركردنی بڕیاری ڕادەستكردنەوەی بارەگاكانی پارتیمان لەو شارەدا.مامۆستایانی زانكۆ، دەڵێن: بەخشینی بارەگای پارتی بە زانكۆی كەركووك پەیامێكی گرنگە و ڕۆژ بەڕۆژ هێزی پارتی لەو شارە زیاد دەبێت.
شاهۆ حاجی، مامۆستای زانكۆ بە زاری كرمانجی گووت: یەكێك لە پەیڕەو و بەرنامەكانی پارتی، برەودان بوو بە خوێندن و زانست، بەڵگەش ئەوەیە ئەگەر لە بەشێك لە ناوچە و شار و شارۆچكەكانی سنووری سلێمانی، خوێندن پەكی كەوتبێت بەهۆی بایكۆت و نەچوون بۆ هۆڵەكانی خوێندن، كە چەند ساڵێكە ئەم دیاردەیە بوونی هەیە، ئەوە لە هەولێر و دهۆك و ئیدارە سەربەخۆییەكانی سنوورەكە، بە پێچەوانە خوێند هەبووە و هەمیشە دەرگای زانكۆ و پەیمانگەكان بەڕووی قوتابییان كراوە بووە، تەنانەت یەك ڕۆژیش خوێندن لەم شوێنانە پەكی نەكەوتووە، ئەو پەڕی هەوڵیش دراوە تا قوتابییانی سنووری سلێمانی لە خوێندن بێبەش نەبن، مامۆستایان رووبكەنەوە ناوەندەكانی خوێندن.
ئەو مامۆستایە، دەشڵێ: جگە لە شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان، پارتی هەمیشە هەوڵی داوە كەركووك و ناوچەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان لە خوێندن بێبەش نەكرێن، بەڵگەیەكی دیكەش ئەوەیە كە لەلایەن سەركردەكانی ئەو حزبە، باڵەخانەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پێشووی پارتی لە كەركووك، پێشكەشی زانكۆی كەركووك كرا وەك دیارییەك بۆ قوتابییانی ئەو شارە، ئەمەش دەسكەوتێكی دیكەیە كە پارتی خۆی بە خاوەنی دانیشتووانی ئەم شارە دەزانێت و ناسنامەی گەل و كوردبوونی لە سەرووی هەموو شتێكەوە داناوە.
د. مەهدی ستوونی، مامۆستای زانكۆ، بۆ زاری كرمانجی گوتی: ئەو هەنگاوەی پارتی، هەنگاوێكی زۆر گرنگ بوو، ئەوەش لەبەر چەند هۆكارێك، ئەو هەنگاوە دەبێتە هۆكارێكی سەرەكی تاوەكو سەقامگیری بگەڕێتەوە بۆ شاری كەركووك و خەڵكی سڤیل جارێكی تر نەكرێنە ئامانج، لە هەمان كاتدا پارتی هیچ ڕێگەیەكی بۆ شۆڤێنییەكان نەهێشتەوە كە ئەو بارەگایە بۆ بەڕژەوەندی خۆیان بەكاربهێنن و نەهێڵن جارێكی تر پارتی بگەڕێتەوە و كار و چالاكییەكانی خۆی ئەنجام بدات، دوای خیانەتی 16 ئۆكتۆبەر دەستەڵاتی پارتی لە كەركووك دیارە و رۆژبەڕۆژ هێزی پارتی لە كەركووك زیاد دەبێت و لایەنەكانی دیكە سنووریان بەرتەس دەبێتەوە، لە دوا هەڵبژاردنیش زۆر بەڕوونی دیار بوو، بۆیە ئەوە هەنگاوێكی زۆر باش بوو و سەرۆكوەزیرانی عێراق زۆر بە خۆشحاڵیەوە پێشوازی لەو هەنگاوە كرد و دەبێتە هەنگاوێك بۆ ئەوەی پارتی جارێكی تر بگەڕێتەوە بۆ كەركووك و كارو چالاكیەكانی خۆی ئەنجام بدات.