مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دوای 28 ڕۆژ بێهۆشی و مانەوەی لە نەخۆشخانە، ئارمیتا گەراوەند كچە كوردی ڕۆژهەڵاتی كوردستان گیانی لە دەستدا.
كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستان ئەمڕۆ 28ی تشرینی یەكەمی 2023 بڵاوی كردەوە كە ئارمیتا گەراوەند دوای مانەوەی 28 ڕۆژ لە نەخۆشخانە گیانی لە دەستدا.
ئارمیتا گەڕاوەند تەمەن 16 ساڵ، كچە كوردی كرماشان ی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و دانیشتووی تاران، بەر لە نیوەڕۆی ڕۆژی یەكشەممە 1ی تشرینی یەكەمی 2023، لە میترۆی “شەهۆدا”ی تاران بە بیانووی سەرپێچی كردن لە یاسای حیجابی زۆرەملێ، لەلایەن چەند پۆلیسێكی پاراستنی حیجابەوە هێرش كرایە سەری و بەتوندی لێیدرا. دواتر ناوبراو بۆ نەخۆشخانەی فەجری ئەم شارە گوازراوە و لەژێر چاودێری توندی ئەمنییدا خەوێنرا و ئەمڕۆ دوای 28 ڕۆژ مانەوە لە هەمان نەخۆشخانە گیانی لە دەستدا.
كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستان ڕاگەیاند بنەماڵەكەی لە مردنی كچەكەیان ئاگاداركراونەتەوە و داوایان لێكردوون خۆیان بۆ ڕێوڕەسمی بە خاك سپاردنی ئامادە بكەن و ئەوەش دەڵێ كە دەزگا ئەمنییەكان داوايان كردووه تەرمی ئەرمیتا ببرێتەوە كرماشان یان لە پارێزگای لوڕستان بنێژرێت، بەڵام خانەوادەكەی ئەم بڕیارەی حكومەتیان ڕەتكردووتەوە و دەڵێن ئێمە دانیشتووی تارانین و تەرمی ئەرمیتاش لێرە دەنێژین .