رێبوار حەمەلاو شوانی
ئەو ئاگرەی كە لە رۆژی 7ی ئۆكتۆبەری 2023 لە ئیسرائیلەوە هەلگیرسا ، ئاگرێكی ئاسایی نییە ، وەك هەمیشە ئێران بتوانێت خۆی لێ رزگار بكات ، چونكە لەكات و ساتێك دابوو كە ئەمەریكا خەرێكی ڕێككەوتننامەیەكی ئاشتی بوو لە نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل و بەتایبەت سعودیە و ئیسرائیل ، ئەوەش وایدەكرێت كە ئێران بكەوێتە ناو گۆشەگیری و پەراوێز خستنەوە ، ئەگەر مەرامی ئێران ئەوە بوو بێت كە ناوچەكە بەرەو لێكترازان و تێكدانی ئەو رێككەوتننامە ببات بەڵام ، ئەو ئاگرە ئیتر هەروا بە ئاسانی ناكوژێتەوە و هەموو ئەو هێلانە دەگڕێتەوە كە ئێران ساڵانێكی زۆرە وەك هیلالی شیعی بۆ مەرامە تایبەتییەكانی كاریان لە سەر دەكات و ئاگرە دوور نییە بچێتەوە ناوخۆیی ئێرانەوە و رەنگە رزگاربوونی ئەستەم بكات بۆ قۆناغی ئێستا ـ لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بە ئاشكرا ئاماژەی بە گۆرانكاری لە نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەراست دا كە بە ئەگەری زۆر ئەو گۆرانكارییانە لە عێراق و سووریاش دەگەڕێتەوە
بەتایبەت كە لە ماوەی 20 ساڵی رابردوویی دوای رووخانی ڕژێمی بەعس ، ئێران بە ڕێگەی میلیشا و گروپەكانییەوە دەستی بە سەر هەموو جومگەكانی عێراقدا گڕتەوە ، ئەوەش وایكردووە كە هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان بكەنە ئامانجی نەخشە و پیلانەكانی تاران ، بەتایبەت كە دوای رووداوەكانی حەماس و ئیسرائیل ئەو گروپانە بە هێرشی مووشەك و فرۆكەی بێفرۆكەوان دەیان هێرشیان بۆ سەر هێزەكانی ئەمەریكا لە بەغدا و هەرێمی كوردستان و سووریا ئەنجامدا ئەوەش بۆتە جێگەی نیگەرانی ئەمریكا و هاوپەیمانانی نێودەوڵەتیی ، بەتایبەت دوای ئەوەی جو َبایدن سەرۆكی ئەمەریكا سەردانی ئیسرائیل كردووە و وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا راستەوخۆ پشتیوانیی ئیسرائیلی كردووە، بنكه و بارەگاكانی ئەمەریكا لە عێراق سەلامەت نین.
لە دوای ئەو هێرش و پەڵاماردانانەی گروپ و میلیشاكانی سەر بە ئێران ، ئەمەریكا دوای سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و دژە مووشەك بۆ هاوپەیمانانی لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كرد ،چونكە ئیتر هەموو ئاماژەكان دەرخەری ئەو راستییەن كە گواستنەوەی كارمەندانی باڵێوزخانەی ئەمەریكا بۆ وڵاتانی دەوروبەری و هەرێمی كوردستان وكشانەوەی بەشێك لە هێزی سەربازیی راوێژكاری و دیپلۆماتكارانیەتی لە عێراقەوە و كەمكردنەوەی قورسایی دیپلۆماسی لە عێراق و ئاگاداركردنەوەی هاووڵاتییانی وڵاتەكەی كە سەردانی عێراق نەكەن.
هەموو ئەو كاردانەوانەی ئەمەریكا ئاماژەن بەو راستییەی كە واشنتۆن و هاوپەیمانانی هەڵەی ستراتیژییان كرد كاتێك گڵۆپی سەوزیان بۆ عێراقی ژێر هەژموونی ئەو گروپ و میلیشایانەی ئێران هەڵكرد بە تایبەتی لە دژی هەرێمی كوردستان ، لەلایەك و لەلایەكی تریشەوە ، هەموو ئەمانە وایانكرد كە هەزاران چەكدار و میلیشا بە پارە و دۆلار وچەكی ئەمەریكی پڕچەك بكرێن و لە ئێستا لە دژی ئەمەریكا بووەستنەوە ، نەك هەر ئەوەش هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بخەنە مەترسییەوە
دووەم ،، ئەو تاقم و چەكدارانە كە روون و ئاشكرایە ، لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن ،شێواز و پلانی پەڵاماردان بە تەكتۆلۆژیا و جۆرها تاكتیك وایانكردووەكە لە هەموو كاتێكدا پەڵاماری ئەمەریكاو هاوپەیمانانی لە ناوچەكە بدەن ، وەك ئەوەی لە فەلەستین لەلایەن میلیشاكانی حەماسەوە دژی ئیسرائیل بەكارهات ،بۆیە، وەك چۆن داعش بەو چەك و تەكنۆلۆژیایی دەستی كەوتبوو ببووە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر هەموو ئاسایش و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی، ئەوەش وایكردووە كە جیهان رووبەڕووی ئەو هەڕەشە تیرۆریستیانە و گروپانە ببێتەوە .
سێیەم : ئەوەی كە پەیوەستە بە گەلی كورد و هەرێمی كوردستان لە نێو ئەو رووداو و پێشهاتانەی ناوچەكە كە چاوەروانی گۆرانكاری ڕیشەیی لێدەكرێت و بەتایبەت كە هەڵكەوتەی جوگرافیایی ناوچەی شەڕەكە، بارگراوییە بە كۆمەڵێك دۆسیەی هەستیار، له هەر كاتێكدا بێت گڕەكەی زیاتر لە ناوچەكەدا بەرفراوانتر دەبێت ، سەركردایەتیی سیاسی كوردستان وەك هەمیشە بەگڕتنەبەری سیاسەتێكی هاوسەنگ نایەوێت بێتە ناو ئەو هاوكێشانەی كە زیان بە دۆزی كورد بگەێنێت ، بەتایبەت كە زۆرێك لەو گروپ و میلیشا ولایەنانەی سەر بە ئێران هەوڵی ئەوە دەدەن كە هەرێمی كوردستان پەڵكێشی نێو ئەو شەڕ وناكۆكیی و گۆرانكارییانە بكەن وەك ئەوەی لە كەركووك و شەنگال و قەرەچووغ لەماوەی رابردوو بە ئاسانی هەستی پێكراوە و بەتایبەت لە لەغداش لەلایەن هەندێك لایەنی دژە كورد و فاشیزمی ،چونكە دیارە هەر جۆرە تێوەگلان لە نێو ئەو شەڕ و گۆرانكارییانە كە هیچ ئاسۆیەكی دیار نییە ، گەلی كورد و قەوارەكەی و هەموو دەستكەوتەكانی دەخاتە مەترسییەوە .
دەبێ هێزی پێشمەرگەی كوردستان هەموو كاتەكان ئامادە بێت و جێگركردنی سیستەمی دژە مووشەكی و درۆنیش لەلایەن هێزەكانی ئەمەریكاو هاوپەیمانان بۆ هەرێمی كوردستان بابەتێكی گرنگە چونكە دیار نییە كە كەی ئەو شەڕە كە ئامانجی گۆرانكاریی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە بە چ ئاراستەیەك دەروات و كەی تەواو دەبێت .