ئیسرائیل هێرشی زەمینی دەستپێكردوو لە بڵندگۆی مزگەوتەكانی عێراقیش تەكبیرات و نزا كرا
مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دوای ئەوەی بەرپرسێكی باڵای سەربازی سوپای ئیسرائیل ڕاگەیاند ئەمشەو ئۆپەراسیۆنی وشكانیی بۆ سەر غەززە دەست پێ دەكەین، تانك و هێزی زەمینی بەرەو میحوەرەكانی باكووری كەرتی غەززە جووڵەییان پێكرا و تەواوی هێڵەكانی پەیوەندیی كەرتی غەززەش پچڕان، ئەمەریكا لە ڕاگەیاندراوێكدا گوتی هیچ سنوورێكی سوورمان بۆ ئیسرائیل نییە و نەتەوە یەكگرتووەكانیش پرۆژە بڕیارێكی پەسەند كرد بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ لە كەرتی غەززە و كردنەوەی ڕێڕەوی مرۆیی بۆ دانیشتووانەكەی، ئێرانیش ڕاگەیاند كە گرووپە چەكدارەكانی سەر بە وڵاتەكەی لە ئەگەری بەردەوامبوونی جەنگی ئیسرائیل دژی حەماس ئامادەی هێرش كردنن و لە بڵندگۆی مزگەوتەكانی عێراقیش دەنگی تەكبیرات و پاڕانەوە ئاسمانی شارەكانی پڕ كرد.
ئەمڕۆ 28ی تشرینی یەكەمی 2023، بەرپرسانی سەربازیی ئیسرائیل ئاشكرایان كرد شەوی ڕابردوو 150 ئامانجیان له ژێر زهوى دەوروبەری شاری غەزە كردووەتە ئامانج و كۆنترۆڵیان كردووە. سەرچاوەیەكیش لە بزووتنەوەی حەماس ئاشكرای كرد شەڕ و پێكدادان لە چەند شوێنێكی دەرەوەی شاری غەززە بەردەوامیی هەیە و چاودێرانی سەربازی و سیاسیی هێما بۆ ئەوە دەكەن كە پێدەچێت بۆ چەند كاتژمێرێكی دیكە سوپای ئیسرائیل بە هاوكاریی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی، هێرشی وشكانی بۆ سەر ناوەندی كەرتی غەززە ئەنجام بدات.
ئەگەرچی شەوی ڕابردوو، كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بە پشتیوانی 42 دەوڵەت پرۆژە بڕیارێكی پەسەند كرد بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێ شەڕ و بۆردوومانەكان لە كەرتی غەززە، بەڵام شەوی ڕابردوو هەر وەكوو لە میدیا جیهانییەكان بڵاوكراوەتەوە، لە دوای حەوتی ئۆكتۆبەرەوە غەززە سەختترین شەوی بەڕێ كرد كە لە زەوی و ئاسمان و دەریاوە هێرشی كرایە سەر.
دوای ڕاگەیاندنی ئۆپەراسیۆنی وشكانی بۆ سەر كەرتی غەززە لە لایەن سوپای ئیسرائیلەوە، ئێران هۆشداری دا بەوەی گرووپە چەكدارەكانی ئامادەی هێرش كردنن.
حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئێن پی ئاڕ لە نیویۆرك ڕایگەیاند، گرووپە چەكدارەكانی سەر بە وڵاتەكەی لە ئەگەری بەردەوامبوونی جەنگەكەی ئیسرائیل دژی حەماس ئامادەی هێرش كردنن.
هاوكات شەوی ڕابردوو دیوانی وەقفی سوننی لە عێراق ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و داوای لە سەرجەم مزگەوتەكان كرد بە مەبەستی پاڵپشتیكردن و هاوسۆزی بۆ غەززە لە ڕێگەی بڵندگۆی مزگەوتەكانەوە تەكبیرات و نزا و پاڕانەوە بكەن.