شەهلا رەشید- سۆران:
پزیشكێكی پسپۆڕ، لەم بابەتە تەندروستییەدا باس لە حاڵەتی شەكرەی درۆزن دەكات.
د. داهات حەوێزی، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناوی، شەكرە و دڵ، دەڵێت” حاڵەتێكمان هەیە پێی دەگوترێت شەكرەی درۆزن، نیشانەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كاتێك كەسێك زۆر ئاو دەخواتەوە و ڕۆژانە زۆر میز دەكات واتە زیاتر لە سێ لیتر، كە وای لێدێت خوێی لەشی بەتایبەت سوودیومەكەی دادەبەزێت و هەست بە هیلاكی، بێ هێزی و سەرگێژبوون دەكات.
ئەم پزیشكە هۆكارەكانیشی ئاشكرا دەكات و دەڵێت” هۆكارەكانی زیاتر پەیوەندی بە تێكچوون یان كەمبوونی هۆڕمۆنەوە هەیە كە پێی دەگووترێت ADH ئەو هۆڕمۆنەی كە بەرپرسە لە میزكردن و خوێیەكانی جەستە بهێلێتەوە كە پێی دەڵێن ئەنتی دایروتیكی هۆڕمۆن، ئەم حاڵەتە جاری وا هەیە پەیوەندی بە نەخۆشی مێشكەوە هەیە تایبەت ڕژێنی ژێرمێشك، تێكچوونێك لەم هۆڕمۆنانە وا دەكات نەخۆشەكە زۆر میز بكات، هەندێكجاریش پەیوەندی بە گورچیلەكانەوە هەیە كە ناتوانن ئاو و شلەمەنی لەش بهێڵنەوە و دەبێتە هۆی زۆر میزكردن و تێكچوونی تەندروستی نەخۆشەكە.
ئاشكراشی دەكات: بۆ دڵنیابوون لە نەخۆشییەكە زیاتر پشت بە پشكنینی خوێن دەبەستین، بۆ ئەوەی دڵنیا بینەوە نەخۆشەكە شەكرەی نییە و هەندێكجاریش پێویستی بە پشكنینی میزە، دەبێ نەخۆشەكە 4 كاتژمێر میزەكە كۆ بكاتەوە بۆ ئەوەی بزانین خەستی میزەكەی یاخود سوودیوم و خوێیەكانی لەشی چۆنە، جاری واش هەیە پێویستی بە تیشكی ڕەنینی مێشكە، بۆ ئەوەی دڵنیا بین نەخۆشییەكە پەیوەندی بە ڕژێنی ژێر مێشكەوە نییە، بۆ چارەسەركردنەكەشی وا باشترە نەخۆشەكە ئاو كەم بخواتەوە، یاخود سپڕایەكی تایبەت بە لووت هەیە كە وردە وردە هۆڕمۆنی جەستە ڕێك دەكاتەوە و هەروەها میزكردن و شلەمەنی ناو لەش ئاسایی دەبێتەوە و خۆێی جەستەشی دەگەڕێتەوە ئاستی پێشووی خۆی.