سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت” وڵاتەکەی خۆی بۆهێرشی زەمینی بۆ سەر غەززە ئامادە دەکات”، بەڵام ئامادەنەبوو وردەکارییەکانی ئۆپەراسیۆنەکە کەی و چی دەبێت بخاتەڕوو.
بنیامین ناتانیاهۆ شەوی چوارشەممە لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند” بڕیار لەسەر ئەوەی کە چ کاتێک سەربازەکان دەچنە ناو کەرتی غەزە لای کابینەی تایبەتی جەنگی حکومەتی ئیسرائیلە”.
ناوبراو زیادی کرد” ئێمە پێشتر هەزاران تیرۆریستمان کوشتووە و ئەمە تەنیا سەرەتایەکە”.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وتی” لە هەمان کاتدا ئامادەکاری دەکەین بۆ هێرشی زەمینی. کەی و چۆن و ژمارەی هێزەکان ڕوونی ناکەمەوە. هەروەها وردەکارییەکانی ئەو حیساباتە جۆراوجۆرانە ناکەم کە ئێمە ئەنجامی دەدەین”.
چەند کاتژمێرێک پێش ئەم لێدوانانە، ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)ی ئەمریکی بە پشتبەستن بە لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکی و ئیسرائیل ڕاپۆرتی دابوو کە” ئیسرائیل ڕازی بووە بە داواکاری واشنتۆن بۆ وەستان لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکان لە کەرتی غەززە”.
ئەم ڕۆژنامەیە ڕۆژی چوارشەممە نووسیویەتی” ئەم کارە دەرفەت دەدات بە ئەمریکا بۆ ناردنی سیستەمی دژە فڕۆکە بۆ پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا کە لە ناوچەکە جێگیرکراون”.