تایبەت بە زاری کرمانجی:
کەمێک بەر لە ئێستا، لە لایەن فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی وڵاتی تورکیا، دوو ئۆتۆمبێلی جۆری پیکاب لە سنووری قەزای سیدەکانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کردە ئامانج و زاری کرمانجی زانیاری بڵاو دەکاتەوە.
سەرچاوەیەکی تەناهی کە نەویست ناوی بڵاو بکرێتەوە، بۆ زاری کرمانجی ئاشکرا دەکات:” کاتژمێر 10:30 خوولەکی ئەمشەو فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی تورکیا ئوتومبیلێکی جۆری پیکاب توێتا لە گوندی داسنییە سنووری سیدەکان کردە ئامانج و بە پێی زانیارییەکان ئوتومبیلەکە بڕێکی زۆری گازوایلی بار کردبوو دەویست بۆ چەکدارانی پەکەکە بیگوازێتەوە . ئەو سەرچاوەیە، ئاشکراشی دەکات:” هەر ئەمشەو ئۆتۆمبێلێکی دیکەی پەکەکە لە گوندی بێ جوانا لەلایەن تورکیا کرایە ئامانج و بە پێی زانیارییەکان ئۆتۆمبێلی چەکدارانی پەکەکە بووە و لە کار کەوتووە و هەوڵی چاککردنەوەیان داوە و فڕۆکەی تورکیا کردوویەتە ئامانج، هەردوو ئۆتۆمبێلەکە گڕیان گرتووە و سووتاون، بەڵام نازانرێ زیانی گیانی هەبووە یاخود تەنها ماددی بووە.
قەزای سیدەكان لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە، خاوەنی 250 گوند و چەندین کوێستانی هەیە، زیاتر لە 100 گوندی بەهۆی بوونی پەكەكە و بۆردمان و تۆپبارانەكانی وڵاتانی دراوسێ ئاوەدان نەكراونەتەوە و لە 20 ساڵی رابردوو بەهۆی پەکەكە و توركیا لە دەڤەری برادۆست دەیان كەس بوونەتە قوربانی.