مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
لە درێژەی ڕاوەدوونان و بە ئامانج گرتنی كۆڵبەرانی كورد لەلایەن هێزە سنوور پارێزەكانی ئێران، دوێنێ ئێوارە كۆڵبەرێكی تری كورد لە ناوچەی كێلێ بانە كوژرا.
موحسین عەبدوڵڵاهی تەمەن 35 ساڵەی خەڵكی گوندی كانی بەرد ی شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، خێزاندارە و خاوەنی چوار منداڵە، لە كاتی كۆڵبەری دا لە سنووری (كێلێ) ی ناوچەكە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەكدارەكانی ئێران شەهید كرا.
بەگوێرەی زانیارییەكانی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەم كۆڵبەرە لاوە لە كاتێكدا كوژراوە كە هیچ بارێكی پێ نەبووە.
هاوكات بە پشتبەستن بە ئامارەكانی كۆڵبەر نیووز لە ماوەی 6 مانگی یەكەمی ئەم ساڵ 85 كۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەكان و ڕێگاكانی نێوان پارێزگاكانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، كوردستان و كرماشان بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی ئێران بوونەتە قوربانی، كە 17 كهسيان گیانیان لەدەستداوە و 72 ی تریش برینداربوونە.