مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
لەگەڵ گۆڕینی وەرز چەندین جۆری نەخۆشیی و ڤایرۆس لە نێو ئاژەڵان بڵاو دەبێتەوە و ساڵانە پێویستیان بە ڤاكسین و دەرزی لێدانە بۆ ئەوەی لە كاتی سەربڕین و بەكارهێنانی گۆشتەكەی كاریگەری لەسەر تەندروستی مروڤ نەبێت، ئەگەرچی ئیدارەی سۆران خاوەنی هەزاران سەر مەڕوماڵاتە، بهڵام هەر وەكوو بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری سۆران ئاماژەی بۆ دەكات ماوەی چەند ساڵێكە نە دەرمانیان بۆ هاتووە و نە هەڵمەتی لێدانی دەرزی و پێدانی ڤاكسین بە ئاژەڵانیان ئەنجام داوە.
سەیدەوان عومەر بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری سۆران باس لەوە دەكات جگە لە ڕشاندنی هۆڵەكان و شووشتنەوەی ئاژەڵەكان، هیچ هەڵمەتێكی كۆتان و پێدانی ڤاكسین بە ئاژەڵانیان ئەنجام نەداوە، لەمبارەیەوە بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند “بە مەبەستی كۆنترۆڵكردنی پەتای خوێن بەربوون، لە مانگی هەشتەوە هەڵمەتێكی فراوانمان دەستپێكرد بۆ شووشتنەوەی ئاژەڵان و شوێنی مانەوەیان، جگە لەوە هیچ هەڵمەتێكی ترمان نەبووە بە تایبەت لێدانی دەرزی و پێدانی ڤاكسین دژ بە ڤایرۆس و ئەو نەخۆشییە وەرزییانەی ڕووبەڕووی ئاژەڵان دەبنەوە، چونكە دەرمانمان نییە و ماوەی چەند ساڵێكە هیچ داودەرمانێكمان بۆ نەهاتووە،”
سەیدەوان ئەوەش دەڵێ “داوامان كردووە بۆ ساڵی ئایندە ئەو دەرمانانمان بۆ دابین بكرێت تا بتوانین لە مانگی سێ دا هەڵمەتێكی كوتان و لێدانی دەرزی دەست پێ بكەین.”