مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دوای جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی، مەترسییەكان لە سەر هێزەكانی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیادیكردووە و لە ماوەی هەفتەیەكدا زیاتر لە 13 جار لە ڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و ڕۆكیت و مووشەك هێرش كراوەتە سەر بنكە سەربازییەكانی ئەو هێزە لە عێراق و سووریا. بەرپرسانی ئەمەریكاش دەڵێن هەنگاوی نوێ دەگرینە بەر بۆ پاراستنی هێزەكانمان لە ناوچەكە.
بەرپرسێكی سەربازی ئەمەریكی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە كار لە سەر زیادكردنی ئەركە ئێشكگرییەكانی سوپای ئەمەریكا و كۆتوبەند خستنە سەر دەستڕاگەیشتن بە بنكە سەربازییەكان و زیادكردنی تواناكانی كۆكردنەوەی زانیاریی هەواڵگری لە ڕێی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و ئۆپەراسیۆنە چاودێرییەكانی دەكەن.
مایكڵ ئێریك كوڕیلا، جەنەڕاڵی سوپای ئەمەریكا كە سەرپەرشتی هێزەكانی ئەمەریكا دەكات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە ڕۆیتەرزی گوت كە هەنگاو گیراوەتەبەر بۆ زیادكردنی ڕێوشوێنەكانی پاراستنی هێزەكان، هەروەها ڕەوانەكردنی سەرچاوەی سەربازیی زیاتری ئەمەریكا بۆ ناوچەكە.
لای خۆشییەوە، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا هۆشدارییدایە ئێران و ڕاگەیاند “وڵاتەكەمان وەڵامی یەكلاكەرەوە دەداتەوە بۆ هەر هێرشێك و باجەكەشی قورس دەبێت.”
ئەنتۆنی بلینكن ئێوارەی دوێنێ سێشەممە 24ی تشرینی یەكەمی 2023، لە میانی وتارێكیدا سەبارەت بە پێشهاتەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دانیشتنی ئەنجوومەنی ئاسایش پێشكەشی كرد گوتی “ئەگەر ئێران یان بریكارەكانی هێرش بكەنە سەرمان، ئێمە بە خێرایی و بە بڕیار بەرگری لە گەلەكەمان و ئاسایشی خۆمان دەكەین و وەڵامی یەكلاكەرەوە بۆ هەر هێرشێك دەدەینەوە.”