نووسینگەی سۆران ی سەندیكای رۆژنامەنووسان : ” بە بێ جیاوازی بەرگری لە مافی رۆژنامەنووسان دەكەین”
زاری كرمانجی-سۆران:
ئەندامێكی دەستەی كارگێڕی نووسینگەی سۆرانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، دەڵێت، زیاتر لە 190 ئەندامان هەیە و هاوشێوەی شوێنەكانی تر لە ئیدارەی سۆرانیش پێشێڵكاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان كراوە.
ئاكۆ ئەحمەد رابی، كارگێڕی نووسینگەی سۆرانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، بە زاری كرمانجی راگەیاند: ” بەگشتی لە ئیداری سۆران ناوی زیاتر لە 190 ئەندام لای ئێمە تۆمار كراوە و لە چەند مانگی داهاتووش رێژەكە زیاتر دەبێت، چونكە دەرگای ئەندامییەتی بەڕووی رۆژنامەنووسان كراوەتەوە”،
هەروەكو ئاكۆ باسی دەكات سێ جۆر پلەی ئەندامییەتی رۆژنامەنووسان هەیە (ئەندامی كارا، ئەندامی مەشق كار، ئەندامی بەشدار) .
ئەوەش دەڵێ : ” هەر رۆژنامەنووسێك لەسەر پیشەكەی سكاڵای لە سەر تۆمار كرابێت لە دادگا، وەك سەندیكا بە پێی توانا هاوكاری دەكەین كە ئەویش بریتییە لە دابینكردنی پارێزەر بۆ بەرگریكردن لە رۆژنامەنووس و چەند هاوكارییەكی دیكە بەپێی ئەو ئیمكانیاتەی لەبەردەستمانە”.
گووتی: “لە ئیدارەی سۆران هاوشێوەی شوێنەكانی تر پێشێڵكاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان ئەنجام دراوە، ئەم پێشەڵكاریانەش پێچەوانەی یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007 ی رۆژنامەگەرییە، پێچەوانەی مافی بەدەستهێنانی زانیارییە، وەك سەندیكا هەر جۆرە پێشێڵكاریەك بكرێت لە هەر لایەنێك بێت بەبێ جیاوازی بەدواداچوونی بۆ دەكەین و بەرگری لە رۆژنامەنووسان دەكەین”.