پشتیوان كەریم- سۆران:
سەرۆكایەتی شارەوانی سۆران بە هەماهەنگی تیمی وەڵامدانەوەی خێرای مرۆیی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، هەڵمەتی پاككردنەوەی مەنهۆڵی شەقامەكانیان دەسپێكرد.
سەلوا شۆڕۆ، سەرۆكی شارەوانی قەزای ناوەندی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” بەر لەهاتنی وەرزی باران بارین و زستان هەڵمەتێكی پاككردنەوەی مەنهۆڵەكانی سەر شەقام وشوێنە گشتیەكانی شار خاوێنکردنەوەی تەواوی چاڵەکانی ئاو وەرگرتن و مەنهۆلەکان لە شەقامە سەرەکییەکان و شەقامە لاوەکیەکان، ئامانجیش لێی كردنەوەی رێگەی ئاو و ئاوەڕۆیە تا بەو هۆیەوە ئاو كۆنەبێتەوە و نەبێتە هۆی دروست بوونی لافاو “.
سەرۆكی شارەوانی سۆران، دەڵێت، لە ئێستاشدا تەواوی مەنهۆڵەكان لەسنووری بەڕێوەبەرایەتی شارەوانیمان پاككراونەوە، لە بەشێك لە شوێن وشەقامەكان سەری مەنهۆڵیان نەماوە، بەڵام لەلایەن تیمەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمان چاودێری دەكرێن لەئەگەری گیران یان پڕبوونەوە خاوێن دەكرێنەوە.