زاری كرمانجی-سۆران:
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاس و پێزانین ئاراستەی بەڕێوەبەران و ئەفسەر و فەرمانبەرانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و ئاسایشی فڕۆکەخانەکە دەکات، بەبۆنەی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان لەماوەی سەرخستنی وردبینی ئەمنی لەلایەن رێکخراوی فڕۆکەوانی شارستانی نێودەوڵەتی (ICAO).
لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی بەڕێوەبەر و فەرمانبەرانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و بەڕێوەبەر و فەرمانبەر و ئەفسەرانی ئاسایشی فڕۆکەخانەکە و گشت بەڕێوەبەرایەتی و پێکهاتەکانی ناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێری کردووە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاس و پێزانیانیان ئاراستە دەکات بەرامبەر هەوڵ و ماندووبوونیان لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان لەماوەی سەرخستنی وردبینی ئەمنی لەلایەن رێکخراوی فڕۆکەوانی شارستانی نێودەوڵەتی (ICAO).
لە نووسراوەکەدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەکردووە، ئەم دەستکەوتەی بەدەستهاتووە ئەنجامی کار و هاوکاری و هەماهەنگی گشت دامودەزگاکانی ناو فڕۆکەخانەیە و داوایکردووە لەم رەوتی کارکردنە بەردەوام بن و پەرە بە خزمەتگوزارییەکانی ناو فڕۆکەخانە بدەن بە جۆرێک لەگەڵ پاراستنی ئاسایشی فڕۆکەخانە، رەزامەندیی و ئاسوودەیی هاووڵاتییان و گەشتیاران رەچاو بکرێت.
هاوکات بە هەمان مەبەست، سەرۆکوەزیرانی عێراق سوپاس و پێزانینی ئاراستەی بەڕێوەبەر و فەرمانبەرانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و بەڕێوەبەری ئاسایشی فڕۆکەخانەکە و ئەفسەران و کارمەندانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کردووە.
لە نووسراوێکدا کە نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاراستەی کردووە، جەخت لە نرخاندنی هەوڵ و ماندووبوون و دڵسۆزی سەرجەم بەرپرس و کارمەندانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کراوەتەوە بۆ سەرکەوتنیان لەمیانەی وردبینی ئەمنی کە لەلایەن رێکخراوی فڕۆکەوانی شارستانی نێودەوڵەتی (ICAO) ئەنجامدرا لەماوەی رابردوو.
سەرۆکوەزیرانی عێراق وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانینی خۆی، هیوای بەردەوامبوونی خواستووە لەسەر هەمان رەوتی کارکردن و پێشکەشکردنی خزمەتی زیاتر بە هاووڵاتییان.
رێکخراوی فڕۆکەوانی شارستانی نێودەوڵەتی (ICAO)، رێکخراوێکی تایبەتمەندی بواری فڕۆکەوانییە و یەکێکە لە دەزگاکانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان کە کاردەکات بۆ رێخکستن و دروستکردنی هەماهەنگی بۆ بنەما و تەکنیکی گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکان، هەروەها کاردەکات بۆ پلاندانان و پەرەپێدانی گواستنەوەی ئاسمانی نێودەوڵەتی بۆ دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی و رێکخستنی گەشتەکان.
ئەو رێکخراوە فڕۆکەوانییە نێودەوڵەتییە لە ماوەی رابردوو، پرۆسەی وردبینیکردنی ئەمنی بۆ کاروباری فڕۆکەخانەکانی عێراق ئەنجامدا و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر وەک باشترین فڕۆکەخانە لە وردبینی ئەمنی دیاریکرا لە کاروبارەکانی تایبەت بە فڕۆکەخانە و گەشتە ئاسمانییەکان.